کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەكانی رێژیمی ئێران لەپاوە سەرەڕای كوشتنی هاووڵاتییەك، برایەكیشیان دەسبەسەر كرد

15:07 - 17 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: هێزەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەشاری پاوە دوای تەقە كردن لەهاووڵاتییەك، بەبرینداری دەسبەسەر و رەوانەی گرتووخانەیەیان كردووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، مەهدی عەبدوڵڵاهی خەڵكی ئاوایی بانەوەری سەر بە شاری پاوە لەلایەن هێزەكانی رێژیمەوە بەبرینداری دەسبەسەر كراوە.

كەسێكی ئاگادار لەو رووداوە بە ماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیم بۆ ئازاد كردنی ئەو هاووڵاتییە داوای زیاتر لە یەك میلیارد تمەن وەسیقەیان كردووە.

رۆژی شەممە رێكەوتی ١٤ی بانەمەڕ نەبی عەبدوڵڵاهی، مەهدی عەبدوڵڵاهی خەڵكی ئاوایی بانەوەر و ساڵح ساڵحی خەڵكی ئاوایی سەركرانی پاوە لە جادەی ساوە ـ تاران لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە درانە بەر دەستڕێژ و لەنجامدا نەبی عەبدوڵڵاهی خەڵكی بانەوەری شاری پاوە گیانی لێ‌ئەستێنرا.
هەر لەئەنجامی ئەو دەستڕێژییەدا مەهدی برای نەبی و ساڵح بەتوندی بریندار كران و دواتریش مەهدی عەبدوڵڵاهی بەبرینداری لەلایەن هێزەكانی رێژیمەوە دەسبەسەر كراوە.

ئەو دەستڕێژییە لە ماشێنی ئەو سێ‌هاووڵاتییە كوردە لەحاڵێكدا بووە كە هیچ كەلوپەلێكیان پێ‌نەبووە و لەحاڵی تێپەڕین بە جادەی ساوە ـ تاراندا بوونە.

هێزە ئینتزامییەكان دوای تەقەی كردن لەماشێنی ئەو هاووڵاتیانە و كەوتنەوەی سێ‌قوربانی، دەستیان بەسەر ماشێنەكانیشیاندا گرتبوون.