کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٥ هێکتار لە لێـڕەوارەکانی چیای جاقل لە ئاگردا سووتان

02:35 - 9 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە چیای جاقل هەڵکەوتوو لە باکووری شاری سەقز، ٧٥ هێکتار لە لێڕەوار و دارستانەکانی کوردستان سووتان.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، چیای ٢٧٣٠ میتریی جاقل لە شاری سەقز لە لای باشووریەوە ئاگری تێبەر درا و بەم هۆیەوە ٧٥ هێکتار لە لێڕەوار و دارستانەکانی ئەو چیایە لە ئاگردا سووتان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئەو ئاگرە بە هەوڵ و ماندووبوونی هاووڵاتییانی سەقزی و چالاکانی ژینگەپارێزی پاش ٥ کاتژمیر کۆنترۆڵ کراوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٣ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە گوندەکانی دەوروبەی شارستانی سەقز رووی داوە و بەوهۆیەوە ٣٧ هێکتار لە دارستان و لێڕەوارەکان سووتاون.

ساڵی رابردووش ٧ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە شاری سەقز رووی داوە کە بووە هۆی لەناوچوونی زیاتر لە ١٥٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو شارستانە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رێگەی جۆراوجۆرەوە وەکوو پێشگیری لە کوژاندنەوەی ئاگرەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، ئاگردانی چیاکان و دارستانەکان لە رێگەی دەست و پێوەندییەکانییەوە و کەمتەرخەمیی هێزەکانی فریا کەوتن لەمەڕ کوژاندنەوەی ئاگرەکان، هەوڵی لەناوبردنی ژینگەی کوردستان دەدات.

گوشار بۆسەر چالاکانی ژینگەپارێ و زیندانی کردنیان و هەروەها داسەپاندنی تۆمەتی ئەمنیەتی بەسەر ئەو چالاکانەدا، بەشێکی دیکە لە هەوڵە دژە ژینگەیی‌یەکانی رێژیم لە کوردستانی ئێران دان.