کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢ هەزار و ٤٣٧ کەس بەهۆی رووداوی کارەوە لە ئێراندا مردوون

21:49 - 17 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: رووداوی کار لە ١٠ ساڵی رابردوودا گیانی ١٢ هەزار و ٤٣٧ هاووڵاتیی لە ئێراندا ستاندووە.
پزیشکی یاسایی ئێران بڵاوی کردەوە، لە سەرەتای ساڵی ١٣٨٣ هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، ١٢ هەزار ٤٣٧ کەس بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە بەگوێرەی ئاماری ئەو رێکخراوە زیاترین رێژەی مەرگی کرێکاران لە ساڵی ١٣٩٢ بووە.

بەپێی ئەم راپۆرتە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی یەک هەزار و ٩٩٤ کەس بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە کە ئەو ئامارە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی، ٦٩٧ کەس بووە و ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە مردن بەهۆی رووداوی کارەوە لە ١٠ ساڵی رابردوودا لە هەڵکشاندا بووە.

بەربوونەوە لە بەرزایی، بەرکەوتنی ئەشیای سەخت، بەرق گرتوویی، سووتان و کەمیی ئوکسیژن، بە ریز لە هۆکارەکانی مردنی کرێکاران لە کاتی کارکردن لە ١٠ ساڵی رابردوودا راگەیەنراوە.

لەو پێوەندییەدا پزیشکیی یاسایی رێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە پارێزگای سنە ٣١ کەس لە ساڵی ٩٢ بەهۆی رووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە و پارێزگای ئیلامیش بە مردنی ٩ کەس بەهۆی رووداوی کارەوە کەمترین ئاماری مردن بەهۆی رووداوی کاری لەخۆ گرتووە.