کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٣٣ هەزار کەس لە شەڕی نێوخۆیی سووریەدا کوژراون

15:47 - 14 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە شەڕی نێوخۆیی سووریەدا ١٣٣ هەزار کەس کوژراون و ٤ هەزار و ٩٠٠ کەسیش ئەشکەنجە کراون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی سووریە (RMMS) لە راپۆرتێکدا ئاماری کوژراوانی شەڕی ناوخۆیی سووریەی بە دەستی رێژیمی بەشار ئەسەد لە دەسپێکی شەڕەوە لە رێکەوتی ١٥ مارسی ٢٠١١ی زایینی هەتا ٣٠ ژووەنی ٢٠١٤، بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئەو رێکخراوە بڵاوی کردووەتەوە، ئامارەکان تەنیا ئەو کوژراوانە دەگرێتەوە کە ناو و شوێنی کوشتنەکەیان ئاشکرا بووە و دەشێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زێدەتر بێت.

بەپێی ئەم راپۆرتە، لەو شوێنانەدا کە ئەرتشی رێژیمی بەشار ئەسەد تێیدا جێگیرە، ئامارێکی ئەوتۆ لەبەر دەستدا نییە و ئاماری کوژراوان و ئەشکەنجەکراوان دیار نییە.

لەو راپۆرتەدا هاتووە: لە هەر دوو کاتژمێردا منداڵێک، لە هەر ٣ کاتژمێردا ژنێک و لە هەر رۆژێکدا نزیک بە ١٠٠ کەس لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سووریە گیانیان لە دەست داوە.

١٥ هەزار و ١٤٩ منداڵ، ١٣ هەزار و ٦٩٥ ژن و بە گشتی ١٣٣ هەزار ٥٨٦ کەس لە شەڕی سووریەدا کوژراون.

هەروەها بەپێی ئەم راپۆرتە لە دەسپێکی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوخۆی سووریەدا هەتا ٣٠ی ژووەنی ٢٠١٤ی زایینی، ٤ هەزار و ٨٩٢ کەس بە دەستی هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد ئەشکەنجە دراون.