کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە چالاکانی مەریوان لەمەڕ بەشداری لە خۆپیشاندانەکان

21:54 - 17 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەریوان، هاووڵاتییانی ئەو شارە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی دەسبەسەر کرانیان لێ کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شاری مەریوان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەیان لێ کراوە و پێیان راگەیەنراوە کە دەسبەسەر دەکرێن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'یەکێک لە دەسبەسەر کراوەکان بەناوی وریا تاسە بە دانانی بارمتەی ٢٥ میلیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کراوە.
هەواڵەکانی دیکەش باس لە هەڕەشەی راستەوخۆ لە چالاکانی مافی مرۆڤ و فەرهەنگیی مەریوان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە رۆژی سێشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، ماڵی ژمارەیەک هاووڵاتیی ئەو شارەیان پشکنیوە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە دەبێ لە کورترین ماوەدا منداڵەکانیان رادەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکان بکەن.
لە حاڵی حازردا تێکڕای مەیدان و شەقامەکانی شاری مەریوان و هەروەها رێگا سەرەکییەکانی شاری مەریوان لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانەوە خراوەتە ژێر چاودێرییەوە و ماشینی هاووڵاتییان دەپشکێنرێ و داوای کارتی پێناسیان لێ دەکرێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا بارودۆخی شاری مەریوان و چەند شارێکی دیکەی کوردستانی ئێران پاش دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان بە سێدارەی زیندانییانی سیاسی، ئەمنیەتی کراون.