کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی دیپلۆماتیکی پارتی کرێکارانی کوردستان (P.K.K) سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد

15:12 - 5 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: لەو سەردانەی هەیئەتی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەسەر گەرم و گوڕترکردنی پێوەندییە سیاسی و نەتەوەییەکانیان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جەخت کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، هەیئەتێكی پێوەندییە دیپلۆماتیکەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (P.K.K) بە سەرپەرستی سەرحەد وارتۆ سەردانی بنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستان ئێرانیان كرد ‌و لە لایەن حەسەن شەرەفی جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات ‌و ژمارەیەك لە ئەندامانی رێبەریی حیزبی دێموکرات پێشوازییان لێكرا.

لەو سەردانەدا، سەرحەد وارتۆ ئامانج لە سەردانەكەی بۆ گەرم ‌و گوڕتركردنی پێوەندییە سیاسی ‌و نەتەوەییەكانیان لەگەڵ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە ئامانجی هاوكاری ‌و هەماهەنگی لەسەر پرسە سیاسییەكان گەڕاندەوە و جەختی لەسەر پێوەندییەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە کردەوە.

هەروەها لە درێژەی باسەكەیدا لەسەر ڕەوشی كوردستانی ‌ باكوور و كوردستانی ڕۆژئاوا و سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر پرسی كورد لە شەڕی داعشدا، كۆمەڵێك خاڵی خستە بەر نەزەری بەشدارانی كۆبوونەوەكە.

پاشان حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لەو سەردانەیان، سەبارەت بە پێوەندییەكانی حیزب ‌و لایەنە سیاسییەكان و سیاسەت ‌و هەڵوێستی نەگۆڕی حیزبی دێموكراتی لە هاوكاری ‌و پشتیوانی لە خەباتی بەشەکانی دیكەی كوردستان، چەند بابەتێکی پێشکەش کرد ‌و هەروەها لەسەر ڕەوشی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات و سیاسەتی دژی ئینسانیی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی قسەی كرد.

لە كۆتاییدا، حەسەن شەرەفی هیوای سەركەوتنی بۆ بزووتنەوەی كورد بەگشتی ‌و سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە باكوور ‌و بە تایبەت لە هەڵبژاردنی مانگی نۆامبری ٢٠١٥ی زایینی بە ئاوات خواست.

12431.jpg

12432.jpg