کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورمیە/ رێژیمی ئێران لە بواری ژیانی کۆمەڵایەتی و چالاکیی فەرهەنگیدا گرفت بۆ هاووڵاتییانی کورد دادەتاشێت

18:02 - 22 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: لە چەند رۆژی رابردوودا دەست و پێوەندییەکانی رێژیم تابلۆی تەبلیغییەکانی سەر درگای دووکان و شوێنە گشتییەکان کە بە زمانی کوردی نووسراون، هێناوەتە خوارەوە و بۆسەر زمانەکانی ئازەری و فارسی ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هێناون.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی تابلۆ و نووسراوەکانی سەر درگای دووکانی هاووڵاتییە کوردەکان، رۆژی پێنجشەممە لە رێگەی مەئمووران و دەست و پێوەندییەکانییەوە هێرشی کردە سەر بازاری باکووری شاری ئورمیە و وێڕاێ بێ حورمەتی کردن و هەڵسوکەوتی نەشیاو، تێکڕای کەلوپەلی دەسفرۆشە کوردەکانیان زەوت کرد.

پێشتریش هێزەکانی ریژیمی ئیسلامیی ئێران رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕ لە هەوڵێکی هاوشێوەدا، دووکان و تابلۆ تەبلیغییەکانیان کە بە زمانی کوردی نووسرابوو، کۆ کردەوە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو هەوڵەدا وشەگەلێکی وەکوو \'\'ژینا و رۆژ\'\'یان بۆسەر وشە فارسییەکانی \'\'زیبا و روز\'\' گۆڕیوە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە لە هەوڵی تواندنەوە و ئاسێمیلەکردنی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێراندا داوە و لەو پێوەندییەدا بۆ چەسپاندنی سیاسەتەکانی خۆی بە شێوەیەکی سیستماتیک و پیلان بۆ دارێژراو کاری کردووە.

دووبەرکی نانەوە لە نێوان نەتەوەکان و زەقکردنەوەی جیاوازییەکان بە شێوەیەکی دەمارگرژانە و بە هەڵخراندنی لایەنی ئایینی و مەزهەبیی و تەنانەت خێڵەکیی هاووڵاتییان، بەشێکی دیکەی سیاسەتەکانی رێژیم لەو راستایەدا بووە.