کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورمیە/ شەپۆلێکی نوێی کۆکردنەوەی ماهوارە

16:59 - 26 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: مەئموورانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبێ مۆڵەت ماڵی هاووڵاتییان بە مەبەستی کۆکردنەوەی ماهوارە دەپشکنن و ماهوارەی هاووڵاتییان زەوت دەکەن.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هێزەکانی ریژیمی ئیسلامیی ئێران رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندەکانی \'\'ننێبن، دارباڕوو و بارباڕوو\'\' لە ناوچەی باراندۆزی ئورمیە وماڵی هاووڵاتییانی بە مەبەستی کۆکردنەوەی ماهوارە پشکنیوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند: هێزەکانی رێژیم بە بێ مۆڵەت و بە بێ ئیزنی خاوەن ماڵەکان، ماڵی هاووڵاتییانیان بە مەبەستی دۆزینەوەی ماهوارە پشکنیوە.

بەپێی ئەم سەرچاوەیە، هێزەکانی رێژیم وێڕای بێ حورمەتی بە هاووڵاتییان، دەیان دەزگای ماهوارەی هاووڵاتییانیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی خۆیدا بە کۆکردنەوەی ماهوارە و بڵاوکردنەوەی شەپۆلەکانی پارازیت لە هەوڵی پێشگیری لە بڵاوبوونەوە کاناڵە تەلەفزیۆنییەکانی دژبەری خۆی و بەتایبەت لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران دایە و بەم شێوەیە دەیهەوێت بیروڕای گشتیی خەڵک لەژیر کۆنترۆڵی خۆیدا بێت.