کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورومیە/ لە هەر ٥ حاڵەت هاوسەرگیری یەک حاڵەت تەڵاق تۆمار دەکرێت

16:41 - 26 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە پارێزگای ئورمیە لە بەرانبەر هەر ٥ حاڵەت هاوسەرگیری یەک حاڵەت تەڵاق تۆمار کراوە و ئەم رێژەیە بە شێوەیەکی بەرچاو لەم پارێزگایە بەردەوام رووی لە هەڵکشان دایە.

بەپێی راپۆڕتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئامارە فەرمییەکانی ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی رێژیمی ئێران لە پارێزگای ئورمیە دەرخەری ئەوەیە کە ئاماری تەڵاق لەم پارێزگایە رووی لە هەڵکشانە و ئاماری هاوسەرگیری رووی لە داکشان دایە.

ئامارەکانی ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی رێژیمی ئێران لە پارێزگای ئورمیە دەرخەری ئەوەن کە لە ساڵی رابردوودا ٣٥ هەزار و ١٠١ حاڵەت ئاماری هاوسەرگیری تۆمار کراوە کە نیسبەت بە سالێ ١٣٩٢ی هەتاوی لە سەدا ٥.٥ داکشانی بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی ئەم ئامارەانە ساڵی رابردوو ٦ هەزار و ٤١٣ حاڵەت تەڵاق لە ئاستی پارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە کە نیسبەت بە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە سەدا ١/١٤ هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە.

هەروەها لە ساڵی رابردوودا ٥ هەزار و ٥٥٠ تەڵاق لە ئاستی شارەکانی ئەو پارێزگەی تۆمار کراوە کە لە سەدا ١٣ هەڵکشانی بە خۆیەوە بینیوە و ٨٣٦ حاڵەت لە گوندەکان تۆمار کراوە، کە لە سەدا ٢١/٩ هەڵکشاوە.

لەم پەیوەندییەدا، بەرپرسی ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی رێژیم لە شارستانی مەهاباد رایگەیاندووە، رێژەی تەڵاق لەم شارە لە سەدا ٢٢ بەرز بوووەتەوە.

ناوبراو لەم پەیوەندیییەدا رایگەیاندووە، لە ساڵی رابردوودا ٦٢٢ حاڵەت تەڵاق لەم شارە تۆمار کراوە کە ٥١٠ حاڵەت لە شار و ١١٢ حاڵەت لە گوندەکان تۆمار کراوە.

بەپێی ئەم راپۆرتانە، بێکاری و تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکان یەکێک لە سەرەکیترین هۆکاری تەڵاق ئەژمار دەکرێت و ئاماری تووشبووان بە ماددە سڕکەرەکان رووی لە هەڵکشان دایە و رێژەی بێکاری لە پارێزگای ئورمیە بووەتە هۆی ئەوەیکە ئاماری تەڵاق لەوپارێزگایە بەرز بێتەوە.

گادەر.د