کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وندی شرمن: دۆخی هەنووکەیی وزەی ناوکیی رێژیمی ئێران جێگای قەبووڵ کردن نییە

21:22 - 26 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: بەدوای ئەوەی کە ئامانو نیگەرانی خۆی لەمەڕ ناروون‌بوونی دۆخی وەزی ناوەکیی رێژیمی ئێران دەربڕی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئامریکاش توانایی ئێستای رێژیمی ئێران بۆ پیتاندنی ئورانیۆمی مەترسیدار وەسف کرد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، وندی شرمن، جێگری وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران و دانووستانەکانی داهاتوو رایگەیاند کە رێژیمی ئێسلامیی ئێران ناتوانێ بە جیهان بسەلمێنێت کە توانایی ئێستای بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم قەبووڵ بکرێت.

بەپێی ئەم راپۆرتە و بە وتەی جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی ئامریکا کە یەکێک لە ئەندامانی تیمی دانووستانە ناوکییەکانە، رادەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە کە لە وتووێژەکانی بەرپرسانی رێژیمەوە دەرکەوتووە، لەلایەن ئامریکا و گرووپی ١+٥ قەبووڵ ناکرێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: رێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم یەکێک لە سەرەکیترین خاڵی جێگای ناکۆکییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٤ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، شۆرای بڕیاردانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بڵاوی کردەوە ئێران هەتا ئێستا پابەند بە روونکردنەوەی بەرنامەی ناوەکی خۆی نەبووە.

سەرۆکی ئاژانسی وەزی ناوکی لەو بارەیەوە رایگەیاند: بەرپرسانی باڵای رێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە بەڵێنیان داوە لەسەر خاڵە جێی ناکۆکییەکانی بەرنامەی ناوکی روونکردنەوە بدەن، بەڵام پابەند بەو بڕیارە نەبوونە.

پێشتریش ئامانۆ سەرۆکی ئاژانسی وزەی ناوکی رایگەیاندبوو کە رێژیمی ئێران لەمەڕ چاشنیی تەقینەوە و کەلوپەلە نیزامییەکان، روونکردنەوەی پێویستی نەداوە.