کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"كوژران لە پێناوی ژیان\" راپۆرتی كوردستان میدیا لەبارەی كوژران و بریندار بوونی كۆڵبەران/ مانگی خاكەلێوە

23:19 - 30 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەماڵپەڕی كوردستان میدیا لەماوەی مانگی خاكەلێوەدا ٩ كۆڵبەر و كاسبكاری كورد بە تەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێران لەناوچە سنوورییەكانی كوردستانی رۆژهەڵات و هەروەها رووداوی هاتوچۆوە كوژراو و بریندار بوون.


لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٧ كۆڵبەری كورد بەتەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی تاران كوژراو و بریندار بوون و هەروەها ٢ هاووڵاتیی دیكەش كە بەمەبەستی دابین كردنی بژێوی ژیانیان سەرقاڵی گواستنەوەی كەلوپەلی بەرقی بۆ تاران بوون، بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە.

سەردەشت

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، هەر لەسەرەتای ساڵی تازەدا كۆڵبەرێكی خەڵكی ناوچەی سەردەشت لەشوێنێك بە ناوی خاڵی سنووری سەرشیوو بەتەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بریندار كرا.

جەبار ماراغانی كوڕی عەبدوڵڵا ئەو كۆڵبەرە كوردە بوو كە بەتەقەی راستە وخۆی هێزە نیزامییەكان بریندار كرا و لەكاتێكدا تەقەی لێكرابوو كە بە مەوادی زیاتر لە ٢٠٠ میتر لە خاكی هەرێمی كوردستاندا بووە.

بانە

لەدرێژەی تەقە كردن لە كۆڵبەرانی كورد رێكەوتی ١٩ی خاكەلێوە كۆڵبەرێك بە ناوی محەممەد كەریمی پوور و تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵكی ناوچەی بانە كەوتبووە بۆسەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێران و گیانی لێ ئەستێنرابوو.

محەممەد لە كاتی تێپەڕینی بە سنووری سیرانبەند لە ناوچەی ئەحمەدئاوادا تەقەی لێكرابوو و بەوتەی كەسانی ئاگادار ئەو كۆڵبەرە كوردە هیچ كەلوپەلێكی پێنەبووە.

ئەو كۆڵبەرانە تەنیا بە مەبەستی دابین كردنی بژێوی ژیانیان دەستیان داوەتە ئەو پێشە پڕ لەمەترسییە و زۆر جاریش ئەو پیشەیە مەترسییەكەی دەگاتە ئاستی گیان لەدەست دانی ئەو كۆڵبەرانە و جێگای تێڕامانی ئەو دیاردەی كوشتنە لێرە دایە كە بەپێی بەندی ئەلف لە مادەی ٢ی یاسای قاچاخی كاڵای رێژیمی ئێران، ئەگەر كاڵایەك كەمتر لە یەك میلیۆن تمەن بایەخی هەبێ ئەوە ناچێتە چوارچێوەی كەلوپەلی قاچاخ و سزای نییە.

ماكۆ

سەجاد چووپانی تەمەن سی ساڵ و خەڵكی شاری ماكۆ ئەو كۆڵبەرە بێ تاوان و بێ دیفاعە بوو كە لە كوێستانەكانی نێوان ماكۆ و بازرگان لەلایەن هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە كوژرا.

هێزە نیزامییەكانی رێژیم دوای كوشتنی سەجاد تەرمەكەیان فڕێ دابوو و ئەو تەرمە لەلایەن خەڵكی ئەو ناوچەیەوە دۆزرابۆوە.

سەقز

لەلایەكی دیكەوە رێكەوتی ٢٤ی خاكەلێوە فەرهاد و تاهیر ٢ كاسبكاری كوردی خەڵكی شاری سەقز لە رێگەی نێوان تاران – بۆئین زەهرا بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست دا.

ئەو ٢ كاسبكارە كوردە، بە مەبەستی دابین كردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەكانیان، سەرقاڵی بردنی كەلوپەلی بەرقی بۆ تاران بوون و لەئەنجامدا بە نرخی لەدەست دانی گیانیان تەواو بوو.

ورمێ

رێكەوتی ٢٥ی خاكەلێوە لەئەنجامی دەستڕێژیی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دوو كۆڵبەری كوردی خەڵكی ئاوایی جۆرنیی سەر بە دەشتی مەحاڵی ورمێ كوژران و بریندار بوون.

محەممەد ساڵح پەزیری تەمەن ٢٢ ساڵ، كوڕی عەبدولكەریم یەكێك لەو كۆڵبەرانە بوو كە بەتەقەی هێزە نیزامییەكان كوژرا و هەروەها مەحیەدین پەزیری تەمەن ٢٩ ساڵ و كوڕی ئەحمەدیش بە توندی بریندار بوو.
ئەو كۆڵبەرانە لە چیای نەسرەدین خەریكی پشوودان بوون كەلەلایەن هێزە نیزامییەكانەوە هێرشیان كرابووە سەر و تەقەیان لێكردبوون.

بە پێی مادەی ٧ لەیاسای بەكارهێنانی چەك لەلایەن هێزە چەكدارەكانی رێژیمی ئێرانەوە، پێشتر دەبێ ئاگادار كردنەوە (اختار) بە كەسی تاوانبار یان گومان لێكراو بدرێ و ئەگەر ئەنجامی نەبوو لەقۆناغی دووهەمدا تەقەی هەوایی بكرێ و ئەگەر تەسلیم نەبوو لە كەمەر بۆ خوارێ بپێكرێ و كاتێك تەقە لەكەمەر بەرەو خوار دەكرێ تەنیا دەبێ لەلاقی بدرێت.

بۆكان

لەدوایین حاڵەتی تەقە كردن لەهاووڵاتیانی كوردا رێكەوتی٢٨ی خاكەلێوە دوو هاووڵاتیی كوردی خەڵكی شاری بۆكان بێ ئەوەی هیچ بارێكیان پێ بێت، لەجادەی نێوان سەقز ـ بۆكان بەتەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران كوژران و بریندار بوون.

زانیار ئاقابەیگی تەمەن ٢٤ساڵ و كوڕی ئەحمەد لەجادەی سەقز ـ بۆكان لەنزیك ئاوایی مەرخوزی سەر بە ناوچەی گەوركایەتیی سەقز لەلایەن هێزەكانی رێژیمەوە تەقەی لێكرا و لەئەنجامدا گیانی لەدەست دا و ئەو كەسی دیكەش كە لەگەڵی بوو بە توندی بریندار كرابوو.
بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەساڵی ١٣٩١ی هەتاوییدا ١٣٧ كۆڵبەر و كاسبكاری كورد بەتەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێرانەوە لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان كوژراو و بریندار بوون.

لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٨١ كەس كوژراون و ٥٦ی دیكەش بریندار بوون.


راپۆرت/ هێرش کەریمی