کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كوژرانی مۆرەیەكی دیكەی ئیتلاعات لەناوچەی سەردەشت

15:41 - 3 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: لەئەنجامی تێكهەڵچوونێك لەنێوان هێزەكانی ئیتلاعاتی رێژیم و چەند چەكدارێك، یەكێك لە مۆرەكانی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە كوژرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێكەوتی ٢ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی تێكهەڵچوونێك لەنێوان هێزەكانی رێژیمی ئێران و چەند چەكدارێكی نەناسراو لەناوچەی سەردەشت رووی‌دا و لەئەنجامدا كەسێك بەناوی حەكیم خەڵكی ورمێ كوژرا.
هەر لەو پێوەندییەدا شەوی٣٠ی گەلاوێژیش كەسێك بەناوی محەممەد خزری ناسراو بە حەمەخان خەڵكی ئاوایی كەچەڵاوای سەر بە سەردەشت لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە كوژرابوو.
دوابەدوای ئەو رووداوە هێزەكانی رێژیمی ئێران هێرشیان كردبووە سەر ئاوایی مارەغان و تێكهەڵچوون لەنێوان ئەو هێزانە و ژمارەیەك چەكدار هاتبووە ئاراوە و لەئەنجامدا سێ‌كەس لەدەست و پێوەندییەكانی رێژیمی ئێران كوژرابوون و دووی دیكەش بریندار كرابوون.
بەوتەی هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە دوو چەكداری نەناسراویش لەئەنجامی ئەو شەڕ و پێكدادانەدا گیانیان لەدەست داوە و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە شوناسیان روون نەبۆتەوە.