کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتی ئێران لە سەنعەتی گەشتیاریدا هیچ پشکێکی بەر ناکەوێت

21:11 - 5 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: رێژەی داهاتی گشتیی وڵاتی ئێران لە هەناردە غەیرە نەوتییەکان نزیک بە چوار میلیارد دۆلار لە داهاتی توریسم و گەشتیاریی وڵاتی تورکیا کەمترە.

بەپێی دوایین ئامارە بڵاوکراوەکان لە رۆژی جیهانی گەشتیاریدا، سەرەڕای نائارامییەکانی ساڵی رابردوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وڵاتی تورکیا بە راکێشانی ٣٦ ملوێن گەشتیارلە پلەی ٧ی جیهاندا جێگر بووە و ئەوەش لە حاڵێک‌دایە کە سەرەڕای وێکچوونی فەرهەنگی و ناوچەیی پشکی ئێران لە پیشەی گەشتیاریی جیهانی لەسەدا یەکیش کەمتر بووە.

بەپێی راپۆرتێک کە لەو پێوەندییەدا بڵاو کراوەتەوە ئەو گەشتیارانەی کە دێنە وڵاتی تورکیا زۆربەیان خەڵکانی وڵاتە دەوڵەمەندە ئورووپایی‌یەکانن، لەحاڵێک‌دا یەک ملوێن کەس لەو گەشتیارانەی کە دێنە وڵاتی ئێران خەڵکی عێراق، ئەفغانستان و پاکستان بوونە.

ئەوەش لە حاڵێک‌دایە کە پێشتر بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی باسیان لە داهاتی سەرسوورهێنەری پیشەی توریسم لەو وڵاتەدا کردبوو، وەرزی بەهاری ئەمساڵ وەزیری رێکخراوی ئاسەوارە فەرهەنگییەکانی رێژیمی ئێران لە وتووێژێکدا رایگەیاندووە: لە هەشت ساڵی رابردوودا هیچ هەوڵێک بۆ راکێشانی گەشتیارەکان ئەنجام نەدراوە.

پەسندکراوی بەرنامەی (امر بە معروف)، پیس‌بوونی هەوا و نالەباربوونی دۆخی ئێران لە کۆمەڵگەی جیهانیدا، گرینگترین هۆکارن کە گەشتیاران روو لە وڵاتی ئێران نەکەن.