کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشكارێكی بەكرێگیراوی سپای پاسداران لە سووریە كوژرا

17:30 - 19 سەرماوەز 2715

كوردستان میدیا: مستەفا شێخولئیسلامی، جۆدۆكاری بەناوبانگی ئێرانی كە ئەندامی سپای تیرۆریستیی پاسداران بوو، لە تێكهەڵچوونەكانی سووریەدا كوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حكوومەتیی فارس، شێخولئیسلامی كە پێشتر لە چەندین كێبڕكێی جۆدۆ لە ئاستی ئێراندا سەركەوتنی بە دەست هێنابوو، یەكەمین وەرزشكاری ناسراوی ئێرانییە كە لە ڕیزەكانی سپای تیرۆریستیی پاسداران لە سووریەدا گیانی خۆی لە دەست دەدات.

ماڵپەڕی فیدراسیۆنی جۆدۆی ڕێژیم، هەواڵی یەكەمی خۆی بۆ كوژرانی شێخولئیسلامی تەرخان كردووە و لە لاپەڕەی یەكەمی خۆیدا وێنەیەكی ناوبراوی بڵاو كردۆتەوە كە یۆنیفۆرمی سپای پاسدارانی لە بەردایە.

لە هەواڵێكی دیكەدا هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسدارانیش لە زاری محەممەد حسەین بابایی، فەرماندەی سپای كەربەلای مازندەران كوژرانی چوار پاسداری مازندەرانی بە ناوەكانی موحەڕەمعەلی مورادخانی خەڵكی تۆنێكابۆن، مستەفا شێخولئیسلامی خەڵكی چالووس، ڕووححوڵڵا سەحرایی خەڵكی ئامول و عەبدەلڕەحیم فیرووزئابادی خەڵكی نكای لە شەڕی سووریەدا پشتڕاست كردەوە.

پاش دەستپێكردنی عەمەلیاتی موحەڕەم دژ بە ئۆپۆزیسیۆنی بەشار ئەسەد، ژمارەی بەكرێگیراوانی كوژراوی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بە شێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون كردووە. هاوكات عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی بەناو نیشتمانیی ڕێژیم، ڕۆژی ٢٠ی خەزەڵوەر وێڕای حاشاكردن لە ڕاستییەكان، بانگەشەی ئەوەی كردبوو كە كەمتر لە ٥٠ بەكرێگیراوی ڕێژیم لەو شەڕەدا كوژراون.

عەمەلیاتی موحەڕەم لە سەرەتای مانگی موحەڕەم و بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانیی ڕووسیە و یەكینەكانی سپای تیرۆریستیی پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان بۆ داگیركردنی شاری حەڵەب دەستی پێكرد و بڕیار وابوو هەر لەو مانگەشدا بە سەركەوتنەوە كۆتایی پێ بێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی نزیك بە دوو مانگ لە دەستپێكردنی، تاقە دەستكەوتی بەرچاو و دیاری ئەو عەمەلیاتە، گەڕانەوەی یەك لە دوای یەكی لەشی بێ گیانی پاسدارانی ڕێژیم بۆ ئێران بووە.