کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشکارێکی کورد لە کرماشان لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە هەڕەشەی لێ کرا

23:04 - 23 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: وەرزشکارێکی کوردی خەڵکی کرماشان، لایەنگری ئایینی بەهایی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بەردەوام هەڕەشەی لێ دەکرێ.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هێزە لیباس شەخسییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، چوونەتە شوێنی کاری \'\'حەمزە رازیانی\'\' وەرزشوانی کوردی کرماشانی و شوێنی کارەکەیان پشکنیوە.

هێزەکانی رێژیم کە ژمارەیان چوار کەس بووە بێ ئەوەی روونکردنەوەیەک بدەن، یان مۆڵەتی پشکنین پیشان بدەن، شوێنی کاری ئەو هاووڵاتییەیان پشکنیوە.

ئەو هێزانە پاش ئەوەی کە هیچ شتێکی ئەوتۆیان دەست نەکەوتووە، هەڕەشەی \'\'پەروەندە سازی و دەسبەسەرکردن بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی\'\'یان لە \'\'حەمزە رازیانی\'\' کردووە.

حەمزە رازیانی پێڕەوی ئایینی \'\'بەهایی\'\'یە و یەکێک لە وەرزشوانە ناسراوەکانی کوردستانی ئێرانە کە هەتا ئێستا چەندین مێداڵی رەنگاوڕەنگی لە ئاستی ئێران و جیهاندا لە وەرزشی \'\'جۆجیسیۆ\'\'دا مسۆگەر کردووە.

رازیانی ئەمە چەندەمین جارە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەی لێ دەکرێ.