کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگرتنی پارە لە قوتابییانی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات بەردەوامە

12:56 - 20 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: ئەو بڕە پارەی کەلە قوتابییانی کورد لە کوردستانی ئێران بە مەبەستی کڕینی سووتەمەنی وەردەگیرێ، بەرپرسانی پەروەردە بۆ سەفەری \'\'راهیان نور\'\' کەڵکی لێ وەردەگرن.

بەپێی هەواڵی کوردستان میدیا، بەرپرسانی قوتابخانەکان و ئیدارەی پەروەردە لە شارەکانی سنه، کامیاران و مووژژ بە زۆر و هەڕەشەی دەرکردن، پارە لە قوتابییان وەردەگرن و هەر کەس ئەو بڕە پارەیە کە بۆ هەر قوتابییەک دیاری کراوە، نەیدات، ئەوە لەگەڵ دەرکران لە خوێندن بەرەوڕوو دەبێتەوە.
هاووڵاتییەک لەو پێوەندییەدا بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: بەرپرسانی پەروەردەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو سێ شارەدا پارەی بە زۆرە ملێ بۆ دابینکردنی سووتەمەنی و پێداویستییەکانی دیکە لە قوتابییان وەردەگرن، بەڵام لە جیاتیی کڕین و دابین کردنی ئەو پێداویستییانه، منداڵان بۆ رۆیشتن بۆ سنوورەکان و دیتنی ئاسەوارەکانی شەڕی ٨ی ساڵەی ئێران و عێراق لەژێر ناوی \'\'راهیانی نوور\'\'، ناچار دەکەن.
ئەو هاووڵاتییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، وتیشی: لە هەر قوتابییەک ١٥٠ هەزار تمەن بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وەردەگیرێ، بەڵام ئەو بڕە پارەیە خەرجی سەرفەری راهیانی نوور دەکرێ.
بەپێی ئەم راپۆرتە، قوتابخانەکانی سنه، کامیاران و مووژژ، سەرەڕای وەرگرتنی بە زۆرەمڵێ بۆ سووتەمەنی، لە حەفتەیەکدا ٤ رۆژ شۆفاژەکان بۆ قوتابییان هەڵدەکەن و باقی رۆژەکانی حەفتە قوتابییان لە سەرمادا درێژە بە خوێندن دەدەن.
هەتا ئێستا \'\'کوردستان میدیا\'\' هەواڵی وەرگرتنی بە زۆرەملێی پارەی لە قوتابییانی شارەکانی مەریوان، روانسەر، سەقز، سنه، کامیاران، پیرانشار، بۆکان و ئورمیەی بڵاوکردووەتەوە.
گوشاری ئابووری و کەمیی داهات و دەست کورتیی زۆربەی بنەماڵەکان لەمەڕ دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە و لە ئەنجامدا وازهێنان لە خوێندن، سیاسەتێکە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران چەندین ساڵە لە کوردستانی ئێراندا گرتوویەتە بەر و بەو شێوەیە دەیهەوێ ئاستی خوێندەواریی نەتەوەی کورد لە کوردستان و ئێراندا کەم بکاتەوە.
بەپێی بەندی یەکی ماددەی ٢٦ی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ بۆ پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر و گشتگیر، هەموو کەسێک مافی پەروەردە و فێربوونی هەیە و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لانیکەم دەبێ پەروەردەی سەرەتایی و بنەڕەتیی بێ بەرانبەر بۆ هاووڵاتییان تەرخان بکات.
بەشی \'\'ئەلف\'\' لە بەندی ٢ی ماددەی ١٣ی جاڕنامەی جیهانیی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پەروەردەی بێ بەرانبەر، کە ئێران ساڵی ١٣٥٤ ناوەڕۆکی ئەو جاڕنامەیەی پەسند کردووە، دەڵێت: پەروەردە و بارهێنانی سەرەتایی دەبێ ئیجباری و بەبێ بەرانبەر بێت و تێکڕای کۆمەڵگا بە ئاسانی بتوانن لێی بەهرەمەند بن.
هەروەها له بەندی دووهەمی ئەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە: دەوڵەت ئەرکدارە تێکڕای ئیمکاناتی پەروەردە و بارهێنان بۆ هەموو ئاست و قۆناغەکانی خوێندن دابین بکات و هەروەها لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە، دەوڵەت ئەرکدارە پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر بۆ هەموو خەڵک هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی دابین بکات و خوێندنی باڵاش هەتا ئاستی خۆبژیویی وڵات بە شێوی بێ بەرانبەر پەرە پێ بدات.