کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئیسراییل کاریگەریی قەیرانی سووریەی لە شەڕی ئێران و ئیسراییلدا تاوتوێ کردووە

19:15 - 14 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئیسراییل لەو بڕوایە دایە بەهۆی لاواز بوونی دەسەڵاتی سووریە، هێزی رێژیمی ئێران لەمەڕ وەڵام دانەوە بە هێرشەکانی ئیسراییل بۆسەر دامەزراوە ناوکییەکانی کەم دەبێتەوە.
لە راپۆرتێکدا کە رۆژنامەی مەعاریوی ئیسراییلی بڵاوی کردووەتەوە هاتووە، ئەرتشی سووریە لە تێکهەڵچوونی نیزامیی رێژیمی ئێران و ئیسراییل دەستێوەردان ناکات و ئەگەری پەیوەست بوونی حیزبوڵڵای لوبنان بەو شەڕە کز و لاوازە.
ئەو رۆژنامەیە لە زاری دیپلۆماتێکی پایەبەرزی ئیسراییلییەوە نووسیویەتی: دەسەڵاتی رێژیمی ئێران لەمەڕ زەربە لێدان لە خاک و وڵاتی ئیسراییل لاواز بووە.
لەم راپۆرتەدا هاتووە: شەڕی ناوخۆیی سووریە ئەرتشی ئەو وڵاتەی لەناو بردووە و ئیسراییل چیدیکە لە شەڕی سووریە بە پەرۆش نییە.
شەڕی ناوخۆیی سووریە، حیزبوڵای لوبنانیشی کز و لاواز کردووە و رووداوەکانی سووریە بووە هۆی ئەوەی کە پێش بە پڕچەک کردنی حیزبوڵڵا لە رێگەی خاکی سووریەوە لەلایەن ئێرانەوە، بگیردرێ.
حیزبوڵڵا ئەو نیگەرانییەشی لا دروست بووە کەلە ئەگەری دەستێوەردان لە شەڕی ئێران و ئیسراییل، ئیسراییل هێرش بکاتە سەر ئەو وڵاتە و لە ئاکامیشدا لە پێگەی جەماوەریی حیزبوڵڵا کەم بکاتەوە.