کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان: رێژیمی ئێران، کێشەی قەیرانی هەنووکەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

14:56 - 22 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، رێژیمی ئێرانی وەکوو سەرەکیترین کێشەی قەیرانی ئێستای ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناودێر کرد و هێزەکانی رێژیمی ئێرانی هێزی داگیرکەری سووریە ناودێر کرد.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە بیانییەکان، رۆژی دووشەممە، رێکەوتی ٢١ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، سعودد ئەلفەیسەل، وەزیری کاروباری دەرەوەی عەرەبستان، پاش چاو پێکەوتن لەگەڵ فرانک والتر ئێشتانمایر هاوتای ئاڵمانی خۆی لە پێوەندیی لەگەڵ بارودۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێژیمی ئێرانی بە سەرەکیترین هۆکاری کێشەی قەیرانانەکانی ناوچە ناوەڕاست هەژمار کرد.

سعودد ئەلفەیسەل، وەزیری کاروباری دەرەوەی عەرەبستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی: رێژیمی ئێران دەبێ هێزەکانی خۆی لە سووریە بکشێنێتەوە، چونکە هێزەکانی رێژیمی ئێران لەگەڵ هێزەکانی رێژیمی ناڕەوای بەشار ئەسەد دژ بە خەڵکی سووریە شەڕ دەکەن و بەشێک لە داگیرکەرانی ئێستا لە سووریە دانە.

پێشتریش، دەیوید کامێرۆن سەرۆک وەزیری بریتانیا لە قسەکانی خۆیدا لە کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەرەڕای ئەوەیکە رێژیمی ئێرانی بە بەشێک لە کێشە و گرفتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانا، ئەو رێژیمەی بە پشتیوانی تیرۆریزم ناو برد.

هەروەها، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە گۆتاری خۆی لە کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جەختی لەسەر مەترسیی رێژیمی ئێران کردەوە و وتی: ئێرانی چەکدار بە چەکی ناوکی مەترسیدارتر لە داعشە.

نتانیاهۆ لە قسەکانی خۆیدا لە کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد کە تەواوی بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێران لەناو ببردرێت.