کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری پێشووی ئیتلاعات: كەسانێك توانییان دزە بكەنە نێو دەفتەری سەركۆماری پێشوو

15:40 - 12 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: وەزیری پێشوی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا باسی لەوە كرد كە لە دەوڵەتی پێشوودا دوژمنان توانییان دزە بكەنە نێو نوسینگەی سەركۆماری.

ڕۆژنامەی ئارمان یەکێک لە ڕۆژنامەکانی ڕێژیم. لە ژمارەی ئەمڕۆ ١٢ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، لە هەواڵێكدا باسی لە قسەكانی حەیدەر مۆسلێحی وەزیری پێشوی وەزارەتی ئیتلاعات لەمەڕ بوونی كۆمەڵێك نفوزی لە نێو نوسینگەی سەركۆماری مەحمود ئەحمەدی نژاد كردووە.

بەپێی ئەم هەواڵە حەیدەر مۆسلێحی لە كۆبوونەوەیەكدا بۆ فەرماندە و كارگێڕانی قەرارگەی نوح (كە یەكێكە لە بنكەكانی سەر بە قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپای پاسداران) وتوویەتی: لە دوو ساڵی كۆتایی دەسەڵاتی ئەحمەدی نژاددا ئامریكا و وڵاتانی دوژمنی كۆماری ئیسلامی توانییان بۆ ڕوشاندنی كەسایەتی سەركۆمار دزە بكەنە نێو نوسینگەی سەرەكی سەركۆماری.

ئەم هەواڵە لە كاتێكدا بڵاو دەبێتەوە كە تا چەند مانگی دیكە شانۆیەكی دیكەی هەڵبژاردن لە ئێراندا بەڕێوە دەچێ‌ و كارناسان پێیان وایە بڵاو كردنەوەی ئەم چەشنە هەواڵانە چەشنێك ئامادەسازی زەینی كۆمەڵگە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانە، واتە دەیانهەوێ‌ بەمشێوەیە وەها پیشان بدەن كە كۆمەڵێك دوژمن لە هەوڵی تێكدانی نەزمی گشتی و ڕوخاندنی سیستمی بەڕێوەبەری و حوكمڕانین لە ئێراندا.