کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان: رێژیمی ئێران چی دیکە ناتوانێت کات بکڕێت

17:35 - 30 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: فڕانک واڵتر ئێشتانمایر، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لەمەڕ خولی نوێی دانووستانەکانی رۆژئاوا و رێژیمی ئێران رایگەیاند، رێژیمی ئێران چی دیکە ناتوانێت کات بکڕێت.
هەواڵدەریی رۆیتێرز لەزاری ئێشتانمایرەوە بڵاوی کردەوە: ئێمە لە دانووستانەکانی گرووپی ١+٥ لەگەڵ رێژیمی ئێران دەچینە ناو قۆناغیکی چارەنووس سازەوە.

داواکارییە ناڕاستەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رەوتی دانووستانەکان هەتا ئێستا بووەتە هۆی کات بە فیڕۆدان و کارناسان ئەو رەوتە بە قازانجی رێژیمی ئێران لە قەڵەم دەدەن و لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەوە دەرفەتێکە بۆ دەستڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی.

خولی تازەی دانووستەکانی رۆژئاوا و رێژیمی ئیسلامیی ئیران رۆژی هەینی لە شاری نیویۆرک دەستی پێکرد و دوو لایەن لە ئەگەری بە ئاکام گەیشتن بە هەر دەرئەنجامێک بەدوور دەزانن.

لەو پێوەندییەدا، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند کە ئێران بە نیسبەت بەرنامەی ناوکی خۆی هەتا ئێستا روونکردنەوەی پێویستی نەداوە و پابەند بە بەڵێنییەکان نەبووە.

دوای کۆتایی هاتنی کاتی دیاری کراو بۆ رێژیمی ئێران، ئەو رێژیمە نیسبەت بە ناڕوونییەکانی بەرنامەی ناوکی خۆی وڵامدەر نەبووە و ئەو مەسەلەیە نیگەرانی کۆمەڵگای جیهانی لێکەوتووتەوە.

رێژیمی ئیسلامی ئێران هاوکات لەگەڵ کەم کاریی لە دانووستانەکان، دەستێوەردان لە کاروباری نیزامیی و سیاسیی لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەکات.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دوایین دەستێوەردانەکانی بە کوژرانی ٩٠ کەس لە بەرپرسانی سیاسیی و ئەمنیەتیی وڵاتی ئەفغانستانی تاوانبار کراوە و لە هەوڵی ئەوە دابووە کە رەوتی هەڵبژاردنەکان لەو وڵاتەدا تێک بدات.

ئەو رێگرتنەبەرەی رێژیمی ئێران بە باوەڕی کارناسانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرخەری ئەوەیە کە هەڕەشەیەکە لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی دژی رۆژئاوا.