کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانی سوێد/ سمینارێک بۆ بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات، بەڕێوەچوو

23:35 - 7 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: سمینارێک بە بەشداریی پارلمانتارانی سوێد بۆ لوقمان ئەحمەدی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پارلمانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی لوقمان ئەحمەدی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ١٣٩٤ هەتاوی، بە مەبەستی بەشداری سمینارێک لەبارەی \'\'ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین و ئێران\'\' لە پارلمانی سوێد سەردانی پارلمانی ئەو وڵاتەیان کرد.

حەمید تەیمووری بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە سوێد و ئاسۆ ساڵح هاوکاریی پێوەندییەکان، ئەندامی شاندی حیزبی دێموکرات هاوڕیەتیی شاندی حیزبیان دەکرد.

لەو سەردانەدا شاندی حیزب چاوی بە مۆرتن لویفبێری Mårten Löfberg)) بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەیی‌یەکانی حیزبی سوسیال دێموکراتی سوێد و بەرپرسی پێوەندییەکان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان، کەوت.

لەو چاوپێکەوتنەدا \'\'لوقمان ئەحمەدی\'\' باسێکی گشتیی لەسەر وڵاتانی ناوچە و دەستدرێژی و ئاژاوەگێڕیی رێژیمی ئێران بۆسەر وڵاتانی دراوسێ و ناوچەی وەک سووریە، عێراق، لبنان و یەمەن و کوردستان و زۆر وڵاتی دیکەرکرد.

ئەحمەدی وتی ئێران سیاسەتێکی گرتووەتە پێش کە بە هۆی ئاژاوەگێڕیی لە ناوچەکە دەیەوێ خۆی ببێتە تەنیا هێزی ناوچە و پاشان باسی بەرنامەی ناوکی ئێران و وتووێژئەکانی وڵاتانی رۆژئاوا کە دەیانەوێ ئێران دەست لە بەرنامەی ناوکیی هەڵگرێ و وتووێژەکانیش بەو مانا سەرکەوتوو نابن کە ئێران وەکوو مەترسییەک بۆسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە نەمێنێ کە دەیانەوێ.

ئەحمەدی باسی کێشەی کوردستان کرد و لەسەر ئەوە پێداگریی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی تەواوی کوردستانی میلیتارێزە کردووە و رۆژ نیە چالاکوانانی کورد دەستگیر نەکرێ و لە نێو بەندیخانەکانی ئێراندا خەڵک بەردەوام ئێعدام دەکرێن.

بەڕێز مۆرتن خۆشحاڵیی خۆیی دەربڕی بۆ ئەو زانیارییانەی کە بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دیموکرت لە دەرەوەی وڵات باسی کرد و هیوای خواست کەلە داهاتوودا یەکتر لە کوردستان ببینن و زیاتر ئاڵوگۆڕی زانیاری بکەین.

دوای ئەم کۆبوونەوە بۆ ماوی یەک کاتژمێر سمینارێک بۆ ئەحمەدی لەلایەن تۆڕی دۆستایەتی کوردستان و سوێد لە پارلمانی سوێد لەسەر هەلومەرجی ئێران و سیاسەتی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناڤین و پرسی کورد بە گشتی و کوردستانی ئێران بەتایبەتی دەستی پێ کرد.

کۆمەڵێک پارلمانتاری سوێدی بەشداری ئەم سێمینارە بوون و ئەحمەدی ئەم باسانەی خوارەوەی پێشکەش کرد:

لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکردن و توندوتیژیی کۆماری ئیسلامی هەر زیاد دەبێ و خۆپیشاندانەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای رووداوەکەی مەهاباد ئەوە نیشان دەدا کە گەلی کورد لە دەست ئەو رێژیمە بێزارە و حیزبی دێموکرات هێزەکانی پێشمەرگەی ناردووەتە سەر سنوور بۆ پاراستنی گەلی کورد. لەم پێوەندییەدا ئیمکانی زۆرە کە بەرەوڕووبوونەوە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران بێتە گۆڕێ و لە هاتنە ئارای هەلومەرجێکی وا دا دەبێ وڵاتانی ئورووپا پشتیوانیی گەلی کورد و هێزە دێموکراتیک و پێشکەوتن‌خوازەکان بکا و نابێ لەو باوەڕەدا بن کە داعش لە کۆماری ئیسلامی خەتەرناکترە، کۆماری ئیسلامی و داعش هەمان بنەمای فکرییان هەیە و وکوو یەک توندوتیژ و زاڵمن.

ئەحمەدی هەروەها باسی دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەی وەک عێراق، سووریە، لبنان و یەمەن و هەرێمی کوردستانی عێراق کرد.

ئەحمەدی گوتی کە ئێران لە عێراقدا عەمەلەن حوکمڕانی دەکا و دەوڵەتی عێراقی ناچار کردووە کە دژ بە سوننەکان بجووڵێتەوەو لە هەمان کاتیشدا سوننەکان دژایەتیی دەوڵەتی شیعەی عێراق دەکەن و لە ناچاریدا و لە ترسی چەکدارە شیعەکان کەلە ژێر فەرمانی ئێران دان، زۆربەی سوننەکان تەعامولی گرووپی تێرۆریستیی داعش دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە سپای عێراق بە ئاسانی تەسلیمی داعش بوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ئێران لە عێراقدا کۆمەڵێک گرووپی شیعی چەکداری دیکەی هاوشێوەی بەسیجی ئێران دروست کردووە. ئێستا ئەو گرووپانە بە پشتیوانی و هاوکاری دارایی ئێران لە عێراقدا حوکم دەکەن بە بیری شیعی ئێرانی و لە هیچ توندوتیژییەک دریخی ناکەن، ئێرانیش لە راستیدا لە رێگای ئەم گرووپانەوە نفووز و دەسەڵاتی خۆی لە عێراق زیاد دەکا. لە سووریەش دیارە بە هاوکاریی دارایی و سپای ئێران دەسەڵاتی ئەسەدی راگرتووە و ئەو گرووپانە لە سووریەدا کە بە قازانجی ئێران دەجووڵێنەوە بەهێز بکا. لە یەمەنیش هەر بەو جۆرە هاوکاری حوسییە شیعەکان دەکا دژی حکومەت. لەوێش شەڕی ناوخۆیی هەستاندووە و ئەوەتە بۆ وڵاتانی کەنداو و بەتایبەتی بۆ سعوودییە قەبووڵ ناکرێ و سعوودییەش لە خۆی و وڵاتانی دەوروبەری دەترسێ کە ئێران لەوێش ئاژاوە بنێتەوەو بۆ خۆی ببێتە گەورە هێزی ناوچەکە.

کۆماری ئیسلامی هەروها هەوڵێکی زۆر دەدا کە دەست بخاتە نێو کاروباری هەندێک لە حیزبە کوردییەکان و دەیەوێ شەڕی براکوژی لە نێو کورد دا دروست بکا. بە ئاشکرا هەوڵ دەدا لە باشووری کوردستان دەستێوەردان بکا و ئاڵۆزی دروست بکا.

ئێران دەیەوێ پشتیوانی لە گرووپی جۆراوجۆری نێو ئەم وڵاتانە بکا چ لە بواری دارایی و نیزامی بۆ ئەوە نفوزی خۆی زیاد بکا لە رێگای ئەم گرووپانەوە.

لە درێژەی باسەکەیدا ئەحمەدی وتی لە لایەکی ترەوە ئێران خۆی بە دۆستی کوردەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان لە قەڵەم دەدا و باسی ئەوە دەکا کە هاوکارییان دەکا بۆ ئەوە بتوانێ بڵێ کە کوردی رۆژهەڵات کێشەی نییە. بەڵام بۆ نموونە لە باشووری کوردستان ئێران کۆمەڵێک گرووپی شیعی چەکداری ناردووەتە دەوروبەری شاری کەرکووک و لەوێش دەیانەوێ کێشە بۆ کوردەکان بنێنەوە و ئێران بە رواڵەت خۆی بە هاوخەمی کوردەکانی بەشەکانی تر لە قەڵەم دەدا، بەڵام کوردەکانی رۆژهەڵات بە دوژمنی خۆی دەزانێ و کوردستانی خستوەتە ژێر زەڕەبین و شار و گوندی میلیتارێزە کردووە. نە هەر کورد بەڵکوو نەتەوەکانی تری وەک بەلووچ، عەرەب، تورکمەن و ئازەری هەلومەرجیان لەو پەڕی خەرابی دایە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێدەکۆشێ بۆ ئەوەی مافی رەوای گەلی کورد لە کوردستانی ئێران دابین بکا و بۆ ئەو خەباتەش قوربانی زۆری داوە. ئێمە هەوڵ دەدەین لە رێگای دیالۆگ بگەینە رێگە چارەیەک، بەڵام رێژیمی ئاخووندی دان بە مافی نەتەوەکانی ئێراندا و لە سەرووی هەموویانە و کورد نانێ و هەر بۆیە حدکا ناچارە هێزی خۆی رەوانەی ناوچەکان بکا بۆ بەرگری لە مافی گەلی کورد.

لە کۆتایشدا ئەحمەدی جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا فشار بخەنە سەر رێژیمی ئاخووندی و لە رێگای پشتیوانیی ئوپۆزسێونی دێموکراتیک و بە تایبەتی گەلی کورد پێش بە ئێران بگرن کەلە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین ئاژاوەگێڕی نەکا و پرسی نەتەوەکانی ئێران بخەنە رۆژەڤی خۆیان. حیزبی دێموکرات دڵنیایە رێژیمی ئاخووندی دەڕووخێ، بەڵام زەحمەتە کاتێکی دیاریکراو دەستنیشان بکەی، بەڵام بە پشتیوانی و هاوکاری وڵاتانی پێشکەوتوو خەباتەکەمان ئاسان‌تر دەبێ.

پارلمانتارانی بەشداری ئەو سمینارە پرسیار و تێبینیەکانی خۆیان ئاراستەی ئەحمەدی کرد و دوای وڵامدانەوە پێکهێنەری ئەم سمینارە زۆر سپاسی هەیئەتی حدکا کرد بۆ ئەو باسەی.