کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٥٠ پاش لەرزە لە ماوەی سێ رۆژدا/ ژمارەی قوربانییانی موورمووری گەیشتە ٤١٤ بریندار

16:09 - 30 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: بەهۆی پاش لەرزەی رۆژی چوارشەممە لە موورمووری ١٢ هاووڵاتیی دیکە بریندار بوون و ئەمەش ژمارەی قوربانییان بۆ ٤١٤ بریندار بەرز کردەوە.
هەواڵدەرییەکانی پارێزگای ئیلام بڵاویان کردەوە، پاش لەرزەیەک بە گوژمی ٥،٦ بە پێوەری ریشتەر رۆژی چوارشەممە بەخشی موورمووریی پارێزگای ئیلامی هەژاند.

ئەمە چەندەمین پاش لەرزەیە کە پاش بوومەلەرزەی رۆژی دووشەممە بەخشی موورمووریی لە نێوان دێهلۆڕان و ئابدانان دەهەژێنێت.

بەپێی ئەم راپۆرتە، لەم پاش لەرزەیەدا ١٢ هاووڵاتیی دیکە بریندار بوون و ئەمەش ژمارەی گشتیی قوربانییانی بۆ ٤١٤ بریندار بەرز کردووەتەوە.

لە نێو لێقەوماوانی ئەو بوومەلەرزەیەدا ژنانی دوو گیان و منداڵان بوونیان هەیە و ئەمەش کارەساتەکەی چەند قات قووڵتر کردووەتەوە.

لە سێ رۆژی رابردوودا بەخشی موورمووری لە ٥٥ کیلۆمیتریی ئابدانان، ٣٥٠ جار لەرزیوە وبەم هۆیەوە زیاتر لە ٣ هەزار ماڵ بە تەواوەتی تێکڕووخاون و نزیک بە ٥ هەزار خانوو خەساری جیددییان بەر کەوتووە.