کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشکەوتی ئاوی خواردنەوەی شاری بانە دوو مانگی دیکە تەواو دەبێت

19:36 - 6 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: دوابەدوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی کەمیی ئاو و تەواو بوونی پاشکەوتی ئاو لە شارەکانی سنە و بیجاڕ، هەواڵی تەواوبوونی پاشکەوتی ئاوی خواردەنەوەی شاری بانە نیگەرانی هاووڵاتییانی ئەو شارەی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، رێژەی ئاوی بەنداوی بانە لە ٤ ملوێن و ٣٠٠ هەزار میتری سێ‌جا بۆ ١ ملوێن و ٥٠٠ هەزار میتری سێ‌جا کەمی کردووە و بەپێی خوێندنەوەکان پاشکەوتی ئاوی ئەو بەنداوە هەتا دوو مانگی دیکە تەواو دەبێت.

هەواڵدەرییەکان لە زاری بەرپرسی گشتیی ئاو و فازڵاوی بانەوە بڵاویان کردەوە: دۆخی بانە لە بواری پاشکەوتی ئاوی خواردەنەوەی لە دۆخێکی زۆر نالەبار دایە و جیرەبەندی وەکوو دۆزینەوەی رێگا چارەیەک بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی شار و تەنانەت گوندەکان وەڵامدەر نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، پاشکەوتی ئاوی بەنداوی بیجاڕیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیی کردووە و بەپێی هەواڵی بڵاو کراو هەتا ٣ مانگی دیکە تەواو دەبێت.

هەروەها نزیک بە ٥٠٠ گوندی پارێزگای ئورمیە لەگەڵ کێشەی کەم ئاوی بەرەوڕوون.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هەنووکە زیاتر لە ٦٠٠ گوندی پارێزگای سنە، بەرابەر بە لەسەدا٣٦ی گوندەکانی ئەو پاریزگایە لەگەڵ کێشەی کەم ئاوی و تەنانەت نەبوونی ئاو بەرەوڕوون.

بە وتەی بەرپرسی گشتیی ئاو وفازڵاوی پارێزگای کرماشان،٢٧١ گوندی ئەم پارێزگایە بە تایبەت گوندەکانی سەربە گیلانی رۆژئاوا و قەسری شیرین لەگەڵ کێشەی کەم ئاوی و یا نەبوونی ئاو بەرەوڕوون.

ماوەیەک پێش ئێستا، ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە زاری یەکێک لە دانیشتووانی شاری بۆکانەوە بڵاوی کردەوە کە کێشەی کەم ئاوی لەو شارە بە سنووری قەیران نزیک بووەتەوە؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئاوی بەنداوی ئەو شارە بۆ تەورێز دەگوازرێتەوە.

دروستکردنی بەنداوی ناستاندارد، دروستکردنی بەنداوی لەڕادەبەدەر، هەڵکەندنی چاڵاو لەلایەن کەسانی هەلپەرەست لەگەڵ مۆڵەتی ئیدارەکانی رێژیمی ئیسلامیی، نەبوونی کاناڵەکانی ستانداری ئاو و کەمیی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی پێویست بەو بەشە، لەو هۆکارانەن کە کوردستانی لەگەڵ کێشەی کەم‌ئاوی و بێ‌ئاویی بەرچاو بەرەوڕوو کردووە.