کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاوە/ خزمەتگوزاری، بیانوویەک بۆ راکێشانی جاددە لە کوێستانەکانی شاهۆ و لەناوبردنی ژینگەی کوردستان

22:41 - 28 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: ماوەیەکە دەست و پێوەندییەکانی رێژیم لە شاری پاوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ چەند ئەندامێکی شۆرای شاری پاوە، بە پاساوی ئاسانکاری بۆ هەوارنشینان، سەرقاڵی کێشانی جاددە بۆ بەرزایی‌یەکانی چیای شاهۆن.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاویدا رێژیم بۆ دەستڕاگەیشتن بە بەرزایی‌یەکانی شاهۆ لە ناوچەی \'\'هانەساو\'\' و بە بیانووی ئاسانکاری بۆ هەوارنشینان، دەستی دایە راکێشانی جاددەیەک کە هەر ئەو کات بوو ناڕەزایەتیی ژینگە دۆستان و ژینگە پارێزانی کوردی لەو شارەدا لێ کەوتەوە و لە رووی ناچاریەوە دەستی لەو پیلانە هەڵگرد، بەڵام هەنووکە بۆ جارێکی دیکە دەست و پێوەندییەکانی رێژیم سەرقاڵی جێبەجێ کردنی ئەو پیلانەن.

دەوترێ کە کێشانی جاددە بۆ بەرزایی‌یەکانی شاهۆ لە حاڵێک دایە کەلە ناوچەی هانەساو هیچ هەوارنشینێک نەماوە و لە باری ئابووریشەوە بەهۆی شاخاوی بوونییەوە ناوچەکە هیچ پاساوێکی ئابووری هەڵناگرێ.

شایەتحاڵێک لەو پێوەندییەدا بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: بەپێی هەڵکەوتی ئەم ناوچەیە ئەو جاددەیە زیاتر مەبەستی نیزامی لە پشتە و رێژیم دەیهەوێ بەو شێوە دەستی بە ناوچە شاخاوی و دوور کەوتووەکان بگات و هەر لەو چوارچێوەش لە زنجیرە چیای شاهۆ و لە نزیک ملە پاڵنگانە بە مەبەستی دروستکردنی پایگایەکی گەورەی نیزامی جادەی بۆ لووتکەی ئەو شاخە کێشاوە.

هەر لەو پێوەندییەدا ئەندامێکی سپای پاسدارانی رێژیم لە جوانڕۆ کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، وتی: ئەو پایگایەی هێزەکانی رێژیم لە نزیک ملە پاڵنگانە سەکۆی مووشەکییە و چەند ساڵ پێش وەزیری ناوخۆ (ئاغای نەجار) خۆی هاتووە و سەردانی ئەو بنکە مووشەکییەی کردووە و بە فەرمی دەستی بە کار کردووە.

بە وتەی کارناسانی نیزامی، بەهۆی دروستکردنی بەنداوی داریان و پەنگخواردنی رێژەیەکی زۆری ئاو لە پشت ئەو بەنداوە و لە ئەنجامدا دروست بوونی زەریاچەیە لە لایەک و دانانی بنکەی مووشەکی لە بەرزایی‌یەکانی شاهۆ، رێژیم زۆربەی ناوچەی هەورامان لە باری نیزامییەوە کۆنترۆل دەکات.

راکێشانی جاددە بۆ بەرزایی‌یەکانی هانەساو کۆمەڵێک لە ژینگە دۆستان و ژینگە پارێزانی کورد لە پاوە لە \'\'ئەنجومەنی خەڵکیی پەیامهێنەرانی زەویی پاقژ\'\' لە پاوە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ئەو کردەوەی کاربەدەستانی رێژیمیان لە ناوچەکە شەرمەزار و مەحکووم کرد.

دەرکردنی ئەو بەیاننامەیە دەنگی ناوەندە قەزایی و ئەمنیەتییەکانیشی بەرز کردەوە و دواتر یەکێک لە ئەندامانی شۆرای شاری پاوەش بەناوی \'\'کەیهان مەحیەدین زادە\'\' تۆمەتی جۆراجۆری دابووە پاڵ ئەندامانی ئەو رێکخراوە ژینگەپارێزییە.

ئەنجومەنی خەڵکیی پیامهێنەرانی زەویی پاقژی پاوە بەم هۆکارانە ئەو هەوڵەی هێزەکانی رێژیمیان مەحکووم کردووە:

ــ راکێشانی ئەو جاددەیە ١٣ هەزار میتری دووجا لە سەرچاوە سروشتییەکان لەناو دەبات و ٢٠٠ بنچکە گەون تەفروتوونا دەکات

ــ ئەم جاددەیە لە راستای بەژەوەندیی گشتیدا نییە و هیچ گوند، یان هەوارنشینێک لەو ناوچەیەدا نییە و تەنیا رێگای هاتوچۆی راوچییەکان ئاسانتر دەکاتەوە

ــ لە رووی یاسایی‌یەوە پانکردن و راکێشانی ئەو جاددەیە بە بێ ئیزنی بەڕێوەبەرایەتیی رێکخراوی سەرچاوە سەروشتییەکان نایاسایی‌یە

ــ هەندێ کەس وتوویانە لە رووی خێرخوازییەوە ئەو جاددەیە رادەکێشرێ، بەڵام بە وتەی دادستانی پێشووی پاوە، نابێ خێرخوازی هۆکاریک بۆ ئەنجامدانی گوناح بێت

ــ ئاڵوگۆڕ لە ژینگەی هانەساو هۆکاری سەرەکیی لەناوچوونی ژینگەی ئەو ناوچەیە دەبێت و رەوتی لەناوچوونی جۆرە گیانلەبەرەکانی وەکوو \'\'کەو\'\' خێراتر دەکات

ــ هانەساو لە دەرەوە شاردا هەڵکەوتووە و دەستێوەردان و هاوکاریی ئەندامێکی شۆرای شاری پاوە لە راکێشانی ئەو جاددەیە پاساو هەڵنەگر و جێی تێڕامانە

8933.jpg
کەیهان مەحیەدین زادە، ئەندامی شۆرای شاری پاوە