کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاوە/ مۆڵەتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بە هاووڵاتییان لەمەڕ محکووم کردنی تیروریزم نەدرا

00:11 - 29 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: ١٠رۆژ هەوڵی بێ وچانی هاووڵاتییانی کورد بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە بەردەم فەرمانداریی پاوە، بێ ئاکام مایەوە.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو پاش هێرشی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان و ئاوارەبوونی کوردەکانی شنگال، ئەنجومەنی هەرمان و خانەی مۆسیقای پاوە، هەوڵەکانیان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی لەمەڕ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بۆ پشتیوانی کردن لە ئاوارەکانی شنگال و هەروەها محکووم کردنی گرووپی تیروریستیی داعش خستەگەڕ کە لەلایەن فەرمانداریی پاوەوە مۆڵەتی پێ نەدرا.

ئەو کۆبوونەوە بڕیار بوو رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ لە بەردەم فەرمانداریی پاوە بەڕێوە بچێت، بەڵام لەلایەن فەرماندارییەوە مۆڵەتی پێ نەدرا.

پاش ئاوارەبوونی کوردەکانی شنگال، زۆربەی هاووڵاتییان لە شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران کۆمەڵێک کەمپەینیان بۆ کۆکردنەوەی یارمەتییەکانی خەڵک و هەناردنیان بۆ ئاوارەکانی شنگال پێک هێنا و وێڕای محکووم کردنی تیرۆریزم بە شێوەی جۆراوجۆر هاودەردیی خۆیان لەگەڵ ئاوارەکانی شنگال دەربڕی.