کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاوە/ چوار هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کران

16:20 - 5 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: سێ لاوی کوردی خەڵکی گوندی نووریاو و هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی باینگان سەر بە شاری پاوە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، سێ هاوولاتیی کورد خەڵکی گوندی نووریاوی پاوە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ زیندان گوازاونەتەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێسلامیی ئیران بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی رێژیمی ئێران سێ لاوی کورد کە شوناسی دوو کەسیان کورش و عوبەید وەلەدبەیگی راگەیەندراوە دەستبەسەر کراون.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە پاش گواستنەوە بۆ زیندانی ناوەندی پاوە بەپێی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای ئێنقلاب بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دادگا لە زیندان ئازاد کراون.

لەلایەکی دیکەوە، رێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لاوێکی دیکەی خەڵکی باینگانی سەربە شاری پاوە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی رێژیمی ئێران دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستا لە چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.