کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆژەی گەورەی ئاوەدانی رێژیمی ئێران لە عێراق

15:09 - 25 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە خانووبەرە و پرۆژەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێ بوونی میهر لە ئیلام خۆڕاگریان لە بەارنبەر بوومەلەرزەی ١/٦ ریشتێرییان نییە؛ رێکخراوی نیزام موهەندیسی ئیلام هەواڵی دروستکردنی ٢٤ هەزار پرۆژەی یەکەی نیشتەجێ بوونی لە پارێزگای واستی عێراق بڵاو کردەوە.
واژۆکردنی گرێبەستی ئاوەدانکردنەوەی رێکخراوی نیزام موهەندیسی ئیلام لە حاڵێک‌دایە کە یەکەی نیشتەجێ‌بوونەکانی میهری ئابدانان پاش دوو ساڵ لە دروستکران زیانیان پێگەییشتووە، بەپێی ئایینامەی نیزام مەهەندیسی خانووبەرە دارشتن و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێ‌بوون دەبێت لە بەرانبەر بوومەلەرزەی بە پێوەری ٧ ریشتێر خۆڕاگر بن.

بوومەلەرزەی شارەکانی ئابدانان و موورمووری دەریخست کە پێکهاتەی شار و گوندەکانی پارێزگای ئیلام لەبەرانبەر بومەلەرزەی ٦ ریشتێری خۆڕاگر نین.

بەهادوری، سەرۆکی رێکخراوی نیزام موهەندیسی ئیلام لەو پێوەندییەدا وتی: بە لێکدانەوەی دۆخی بازرگانی جیهانی بە هاوتەریب بوونی هەناردەکردنی کاڵا، هەناردەکردنی خزمەتگوزاریش شتێکی باوە.

بەهادوری سەبارەت بە ئەو پرۆژیە وتی: ٢٤ هەزاز یەکەی نیشتەجی بوون، ٤٤ بینای قوتابخانە، چەندین نەخۆشخانەی گەورە و پرۆژەی ریگەوبان لەلایەن ئەندازیارەکانی سازمانی نیزام موهەندیسی ئیلامەوە دروست دەکرێن.

لەو پێوەندییەدا ساڵی رابردووش رێژیمی ئێران هەواڵی دروست کردنی چەندین نەخۆشخانەی لە لایەن رێژیمی ئێران و لە وڵاتی عێراقی پشت‌راست کردەوە و لەو بارەوە رایگەیاند کە یەکێک لەو پرۆژانە لە کەربەلا تەحویلی بەرپرسانی عێراقی دراوە.

دروست کردنی نەخۆشخانە سەردەمیانە لەلایەن رێژیمی ئێران لە ناوچە شیعەنشینەکانی عیراق و ناردنی پزیشک بۆ ئەو ناوچانە لە حاڵێک دایە کە زۆربەی شارەکانی ئێران نەخۆشخانەیان نییە و بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانیان دەچنە شارەکانی دیکە.