کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی دانمارک لە هەرێمی کوردستان/ کۆمیتەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەستخۆشیان لەو وڵاتە کرد

21:35 - 15 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: لە ئاکامی چاوپێکەوتنەکانی ئەم دواییانەی شاندی کۆمیتەی هاوئاهەنگی حیزب و لایەن سیاسییەکانی کوردستان و بەرپرسانی سیاسیی وڵاتی دانمارک، ئەو وڵاتە پشتیوانی نیزامی لە هەرێمی کوردستان و ناردنی یارمەتیی مرۆیی‌بۆ ئاوارەکانی، لە بەرنامەی کاریی خۆی گونجاند و ئەو کردەوە دەستخۆشی هەئیەتی نوێنەرانی کورد لەو وڵاتە بەدواوە بوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، ماوەیەک بەر لە ئێستا و دوای هێرشی هێزەکانی گرووپی داعش بۆ هەرێمی کوردستان و خولقانی کارەساتی مرۆیی لە شنگال، کۆمیتەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، شاندێکی پێنج کەسییان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی وڵاتی دانمارک پێکهێنا.

ئەو شاندە لە دوكتور سەعید سۆڵتانپوور، سەعید یۆلال، یلماز یێلدز،یەسنا و عەدنان ئاغاجان بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی دێموکراتی کوردستان، حیزبی سوسیالیستی کوردستانی تورکیە، یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و فدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردستان پێکهاتبوو.

پاش ھەوڵی هەمەلایەنەی پشتگیری دەوڵەتی دانمارك لە ھەرێمی كوردستان رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١١ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی هەیئەتێکی دوو کەسێ پێکهاتوو لە سەعید سۆڵتانپوور و ییلماز یێلدز لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ئەندامانی پارلەمانی دانمارك، سوپاس و دەستخۆشی کۆمیتەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیان بۆ ئەو کردەوە مرۆڤدۆستانە و بەرەنگاربوونە دژی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و پێشگیری لە قووڵ‌تر بوونی کارەساتی شنگال دەربڕی.

پارلمانتارانی دانماركی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان لە ھەمبەر رێز و پێزانینی حیزبە كوردییەكانی ھەر چوار پارچەی كوردستان، لەسەر بەردەوامی پشتیوانی کردن لە كوردەكان لەلایەن وڵاتی دانمارکەوە، پێداگرییان کرد.