کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی خوێندکاران لە کۆبانێ درێژەی هەیە

14:24 - 23 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی رەوتی بەڕێوەچوونی رێپێوان و کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێراندا، خوێندکارانی زانکۆی رازیی کرماشانیش پشتیوانی و پاڵپشتیی خۆیان لە خەڵکی کۆبانێ دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ٢٢ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، خوێندکارانی زانکۆی رازیی کرماشان، بە مەبەستی پشتیوانی و پاڵپشتی لە کۆبانی کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوە برد.

خوێندکارانی کورد پلاکاردی نووسراو بە دروشمی کۆبانێ تەنیا نییە، بژی کۆبانێ و پاڵپشتی لە کۆبانی پاڵپشتی لە مافی مرۆڤـە بە دەستەوە بوو.

خوێندکارانی کورد لەگەڵ ئەم هەڵوێستە، جەنایەتەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعشیان محکووم کرد و پشتیوانی و پاڵپشتیی خۆیان لە کۆبانێ دووپات کردەوە.

ئەم خۆپیشاندانە لەگەڵ خوێندنەوەی بەیانییەیەک بۆ محکووم کردنی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ و جەخت لەسەر پاڵپشتی لە کۆبانێ کۆتایی پێهات.

پێشتر، خوێندکارانی کوردی زانکۆکانی تاران ، شیراز، ئورمیە، تەورێز وهەمەدان بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە پشتیوانیی خۆیان لە کۆبانێ و کوردەکانی ئەو شارە دەربڕیبوو.

جگە لە خوێندکاران، کۆمەڵگای هونەریی کوردستانیش بە دەرکردنی بەیاننامە پشتیوانیی خۆیان لە کۆبانێ دەربڕیوە.

هەروەها، زیندانییانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی رێژیمی ئێران لەگەڵ مانگرتن لە خواردن و دەرکردنی بەیاننامە جەنایەتەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعشیان محکووم کرد و لەگەڵ خەڵکی کۆبانێ و هاوخەمی و هاوسۆزیی خۆیان دەربڕی.

شەپۆلی پشتیوانی لە کۆبانێ کە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی لە شاری مەهاباد دەستی پێکرد و پاش گشتگربوون بۆ تەواوی شارەکانی کوردستانی ئێران،هەروا درێژەی هەیە.

رێژیمی ئێران لەم ماوەیەدا بەردەوام لە هەوڵی پێکهێنانی لەمپەڕ بۆ بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوە و رێپێوانەکان بووە و بە بانگهێشت، دەستبەسەرکردن و هەڕەشە لە هاووڵاتییانی کورد لە هەوڵی پێشگیری لە پێشوازیی خەڵک لەم هەڵوێستانە بوون.

سەرەڕای دەستبەسەرکردنی دەیان هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەریوان، تاران، بۆکان و مەهاباد، نوێترین راپۆرت لە دەستبەسەری هاووڵاتییانی کورد ٣ خوێندکاریی کوردی زانکۆی فەنی و مۆهەندێسی یەزدان پەنای سنەی دەستبەسەر کراون.

لە درێژەی شەپۆلی پشتیوانی و پاڵپشتی هاووڵاتییانی کورد لە کۆبانێ رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە ئورمیە و زانکۆ سنە لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە لە کۆبانی پاڵپشتی دەکرێت.