کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی سینەماکارانی کورد لە کۆبانێ

20:41 - 21 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: سینەماکارانی کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران، خەڵاتە وەرگیراوەکانی خۆیانیان لە فستیڤاڵی فیلمی بەیرووت، بە خەڵکی کۆبانێ پێشکەش کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج‌شەممە، رێکەوتی ١٧ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، دەیەمین خولی فستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەیرووت لە پێتەختی لوبنان کۆتایی پێهات و خەڵاتی ئەو فستیڤاڵە بەسەر باشترین بەرهەمەکاندا که چواریان لە کوردستانی ئێرانەوە بوون، دابەشکرا.

لەو فستیڤاڵەدا فیلمی دوایین زستان(زمستان آخر) بەرهەمی سالم سەڵەواتی سینماکاری کورد خەڵاتی باشترین فیلمی چیرۆکیی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین و خەڵاتی باشترین فیلم نامەی بەدەستهێنا.

سالم سەڵەواتی ئەو خەڵاتەی پێشکەش بە خەڵکی کۆبانێ کرد کە ماوەی چەند حەوتوویە لەگەڵ توندرەوە سوننە مەزهەبەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش شەڕ دەکەن.

فیلمی پەپوولەکان (پروانەها) لە دەرهێنانی عەدنان زەندیـش لەم فستیڤاڵەدا خەڵاتێکی بردەوە.

هەروەها، فیلمی ئاپارتمانی مێروولەکان (آپارتمان مورچەها)، لە دەرهێنانی، تۆفێق ئەمانی، سینەماکاری کوردی خەڵکی مەریوانی کوردستانی رۆژهەڵات، خەڵاتێکی ئەو فستیڤاڵەی پێ بەخشرا.

ئەم دەرهێنەرە کوردەیش، خەڵاتەکە خۆی بە خەڵکی کۆبانێ پێشکەش کرد.

بەدەستهێنانی کۆمەڵێک خەڵات لە فستیڤاڵی بەیرووت لەلایەن سینەماکارانی کوردی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵاتەوە و پێشکەش کر‌انی ئەو خەڵاتانە بە خەڵکی کۆبانی، پەرچەکرداری هەواڵدەرییەکانی رێژیمی لێکەوتەوە.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران و یەک ‌لەوان فارس، فستیڤاڵی فیلمی بەیرووتی بە فستیڤاڵی دژە ئێرانیی بەیرووت ناو بردووە.