کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پلەی ١٢٣ی هەڵاوسانی ئێران لە نێوان ١٤٨ وڵاتی جیهاندا

14:40 - 31 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی دابەزینی باری ئابووری ئێران، ئەم وڵاتە لە باری نرخی هەڵاوسان لە نێوان ١٤٨ وڵاتی جیهاندا لە پلەی ١٢٣دا جێ گیر بوو.
لە درێژەی رەوتی دابەزینی ئابووریی ئێران بە هۆی گەمارۆکانی کۆمەڵگای جیهانییەوە، ئەم وڵاتە لە باری نرخی هەڵاوسان لە نێوان ١٤٨ وڵاتی جیهاندا لە پلەی ١٢٣دا جێگر بووە.

کارناسان لەسەر ئەو بڕوایەن که نەبوونی کار و کاسبی و گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران و کەم بوونەوەی بایەخی پووڵی ئێران هۆکاری زۆر بوونی نرخی هەڵاوسان لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدایە.

هەروەها ساڵی رابردوو سەندووقی نێونەتەوەیی دراو لە راپۆرتێکدا بڵاوی کرد بووە کە ئێران لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی‌دا لەگەڵ هەڵاوسانی لەسەدا ٤٣،٣ بەروڕوو بووەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا وبەپێی راپۆرتی ساڵانەی کۆڕی جیهانی ئابووری، لە درێژەی دابەزینی ئابووری ئێران، ئەو وڵاتە لە نێوان ١٤٤ وڵاتی دونیادا لە بواری رکابەرایەتیی ئابوورییەوە پلەی ٨٣ی جیهانی بە دەست هێناوە.

ئێران ساڵی ٢٠١٣ی زایینی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٢ی زایینی لە لیستەی کۆڕی جیهانی ئابووریدا ١٦ پلە دابەزیوە.

هەروەها، بە پشت بەستن بە لێکۆڵینەوەکانی ناوەندیی ئاماری رێژیم، لە سەدا ٥٢ی حەشیمەتی ٧٧ ملوێنی ئێران، لە بواری بەشداریی ئابووری و سەرمایەوە، هیچ رووڵێکیان نییە.

نرخی چالاک‌نەبوونی ئابووری لە ماوەی ئەم ٥ ساڵەدا و بارودۆخی پاش گەمارۆ ئابوورییەکان ١١% زیادی کردووە.