کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرانشار/ لاوێکی کوردی تەمەن ١٩ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە کوژرا

16:13 - 23 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: لاوێکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار بە تەقەی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژرا و ئەمەش ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیەی لێکەوتەوە.
بەپێی راپۆتی کوردستان میدیا، کۆڵبەرێکی کورد بەناوی \'\'عوسمان ئازەر بەرزین\'\' تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢١ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە گوندی دەڵاوان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژرا.

9138.jpg
عوسمان ئازەر بەرزین

عوسمان ئازەر بەرزین لە رووی ناچارییەوە و بەهۆی نەبوونی پیشەیەکی شیاو و بێکاری رووی لە کاری کۆڵبەری کردبوو کە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەی لێ کرا و گیانی لێ ئەستێنرا.

هاووڵاتییەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: کوژرانی ئەو هاووڵاتییە بە دەستی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم تووڕەیی هاووڵاتییانی لە گوندی دەڵاواندا لێکەوتەوە.

ئەو هاووڵاتییە وتیشی: خەڵکی گوندی دەڵاوان پاش ئەو دەستڕێژییە، هێرشیان کردووەتە سەر پاسگای ئینتزامیی ئەو گوندە و رق و بێزاریی خۆیان لە سەرکوت و زەبر و زەنگەکانی رێژیم دەربڕیوە.

لەو هێرشەی هاووڵاتییاندا بۆسەر پاسگای ئینتزامیی رێژیم دوو مەئمووری رێژیم بریندار کران.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە ٧ کۆڵبەری کورد بە دەستی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون و بریندار بوون.