کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیشانگایەکی نەقاشی بە بۆنەی ٢ی رێبەندانەوە بەڕێوەچوو

13:23 - 2 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: پیشانگایەکی نەقاشیی منداڵان لەلایەن ناوەندی نێرگزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە‌چوو.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی یەکی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی پیشانگایەکی نەقاشیی منداڵان بە بۆنەی ٢ی رێبەندان، ٦٩ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندی کۆماری کوردستان، لەلایەن ناوەندی نێرگزی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستی شۆڕش زەندی و فەریدە زارعی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

ئەو پیشانگایە سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە کرایەوە و بۆ ماوەی ٢ رۆژ بەڕووی خوازیارانی چاوپێکەوتن کراوە بوو.

هەروەها چەندین ناوەندی تایبەت وەک خوێندکارانی زانکۆی کۆیە، قوتابیانی قوتابخانەی سەرەتایی رۆژهەڵات و منداڵانی باخچەی ساوایان سەردانی ئەو پیشانگایەیان کرد.

ئەو پێشانگایە, نەقاشیی منداڵانی بە تەمەنە جۆراجۆرکان لەخۆ گرتبوو.

11867.jpg
شۆڕش زەندی و فەریدە زارعی

شۆڕش زەندی سەرپەرستی ئەو پیشانگایە بە هەواڵنێری کوردستان میدیای رایگەیاند کە مەبەست و ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئەو پیشانگایە ئەوەیە کە منداڵانیش بە شێوەیەک لە شێوەکان لە جێژنی ٢ی رێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەشدار بن و چ باشترە کە منداڵان بە هونەری خۆیان پێشوازی لە جێژنێکی نەتەوەیی وەکوو ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بکەن.

زەندی لە درێژەدا جەختی کردەوە: منداڵ دەروونێکی پاکی هەیە بۆیە پێم وابێ لە جێژنێکی وەک ساڵڕۆزی دامەزراندنی کۆماری کوردستان مەزندا، ئەو منداڵانە بە کارێکی هونەری وەکوو نەقاشی چەندە باش و خۆش هەستی خۆیان دەردەبڕن و ئەو منداڵە بەو هەستە جوانە کە لە دەروونی دایە دیهێنێتە سەر کاغەز و دیکێشێتەوە، بۆیە یەکێک لەو شتانەدا کە لەو رۆژە مەزنەدا دەتوانێت جوان خۆی بنوێنێت هونەری نەقاشییە.

سەرپەرستی پیشانگای نەقاشیی منداڵان لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە لەم پیشانگایەدا ٢٠٠ منداڵ لە سێ ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدارییان کردووە کە زیاتر لە ١٥٠ نەقاشی خراوەتە بەر چاوی بینەران و لەم پیشانگایەدا منداڵانی تەمەنی ٣ هەتا ١٥ ساڵ بەشدارییان کردووە و لە کەرەستەی سەرەتایی نەقاشی وەک میداد رەنگی، ماژیک و هێندیکیشیان لە پاستیل و قەڵەمی رەش و سپی کەڵکیان وەرگرتووە.

شۆڕش زەندی لە درێژەی وتووێژەکەی لەگەڵ هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان رایگەیاند: کۆماری کوردستان کە ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی وەکوو دەوڵەتێکی مۆدێڕن و پێشکەوتووخوازانە هاتە نێو کۆمەڵگای کوردی بێ گومان لەسەر هەموو بوارەکاندا کاریگەری ئەرێنی دانا؛ یەکێک لەو بوارانە کە وەکوو بناغەی کۆمەڵگا لە قەڵەم دەدرێت دونیای منداڵانە کە هەر لە سەرەتاوە بە دەرکردنی گۆڤارێکی تایبەت بە منداڵان بە نێوی گڕوگاڵی منداڵان لەم پێناوە هەنگاوی بۆ هەڵگیراوە، تەنانەت کەتێکیش ئەم خەباتە لە شار نەما و پێ نایە خەباتی چەکداری بە شێوەیەکی بەرچاو گرینگی بە هونەر و هەستی منداڵان داوە و ئێستاش بە وێناکردنی هەستی هونەری لە زۆربەی منداڵان بۆ ئەم پیشانگایە ئەم ئیدعایە دەسەلمێنێت.

ناوبراو لە درێژەدا سەبارەت بە جیاوازیی هونەری منداڵانی شۆڕش و خەبات لەگەڵ منداڵانی ئاسایی ناو شارەکان وتی: منداڵێک کە لە نێو جەرگەی خەبات و تێکۆشان لە دایک دەبێت بە بێ ئەملا و ئەولا لەگەڵ منداڵانی دانیشتووی شار، کە تەنیا ژیانێکی ئاساییان بووە جیاوازی هەیە، روانگە و هەڵوێستی منداڵی شۆڕش بێ گومان تێڕوانینێکی شۆڕشگێڕانەیە و لە بەرانبەر هەر نادادپەروەرییەک دەنگ هەڵدێنن بۆیە زیاتر لە منداڵانی دیکە هەست بەو زوڵم و ناعەداڵەتییە دەکەن.

بەرپرسی ناوەندی نێرگز بۆ پەروەردە و فێرکاریی منداڵان و سەرپەرستی پیشانگای نەقاشیی ٢ی رێبەندان لە درێژەدا وتی: کاتێک سەردانی ئەم پیشانگایە دەکەیت دەتوانی ئەو هەستە نەتەوەییە بە راشکاوی ببینیت، زۆربەی نەقاشییەکان بە هەستێکی منداڵانەوە هێمایەکی نەتەوەیی و خۆشەویستی بە نیشتمانەکەیان بەخۆوە گرتووە.

شۆڕش زەندی هەروەها لە درێژەدا رایگەیاند: کاتێک کۆماری کوردستان دامەزرا هیچ کام لەم منداڵانە بوونیان نەبووە بەڵام بە هۆی ئەوەیکە ٢ی رێبەندان بنەمایەکی فیکری و هەستی نەتەوەیی پتەوی لە نێو کورد دا هەیە تەنانەت لە ساکارترین شتی سەرەتایی هەتا نەقاشیی ئەم منداڵانە کە پێم وایە کارێکی پڕ بایەخە رەنگدانەوەی بووە ئەمە هێمای پەیوەندی قایمی ٢ی رێبەندان و هونەری نەقاشی ئەم منداڵانە دەردەخات.

سەرپەرستی پیشانگای نەقاشیی ٢ی رێبەندان لە درێژەدا جەختی کردەوە: منداڵی کە قۆناغێکی هەرە گرینگی ژیانی هەر مرۆڤێکە بە هۆی هەبوونی هێز و وزەیەکی لە رادەبەدەری دەروونی منداڵانە دەورێکی بەرچاو لە ژیان دەگێڕێت و ئەگەر ئەم هێزە بە شێوەیەکی دروست کۆنتڕۆڵ بکرێت ئەنجامێکی باشی لە دەکەوێتەوە کە بە بڕوای من یەکێک لەو شێوازانەی کە هێزی دەروونی منداڵی پێ کۆنتڕۆڵ دەکرێت هونەرە کە لە رێگای ئەو هەستە سروشتییە مرۆڤ دەبێتە گیانلەبەرێکی بە نرخ لە کۆمەڵگادا و بە هۆی هونەر دەتوانێت هێما و سەمبولی فیکری و رووحییەکانی خۆی بدرکێنێت کە یەکێک لەو سەمبوڵانە هەستی نەتەوەیی هاوبەشەیە کە دەبێت بە رێبازێکی رێک وپێک هەر لە تەمەنی منداڵیەوە ئاراستەکەی دیار بکرێت.

دوکتور ناسر سیمایی مامۆستای دەروونناسیی زانکۆ کە لە پیشانگای نەقاشیی منداڵانی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی ٢ی رێبەندانەوە بەشداری کردبوو، لە بارەی ئەو پیشانگایەوە بە هەواڵنێری کوردستان میدیای راگەیاند: ئێمە کە ئاگادر کراینەوە پیشانگایەکی نەقاشیی منداڵانی ناوەندی نێرگزی حیزبی دێموکرات بەڕێوە دەچێت بە پێویستمان زانی ئەو خوێندکارانەی بەشی رشتەی دەروونناسی رۆشدی زانکۆی کۆیە سەردانی ئەو پێشانگایە بکەن، چوونکە ئەوە دەرخەری زیرەکی منداڵان، کێشەی سۆزداری و کەسایەتی منداڵ و رەنگە مامۆستا و بنەماڵەکانیش بێت.

سیمایی لە درێژەدا وتی شتێکی دیکە کە بۆ من زۆر گرینگ بوو ئەوەیە کە نیشانیان بدەم وێڕای کەم و کوڕی و ئەو گرفتانەی کە بۆ ئەو منداڵانە هەیە ئاستێکی بەرزیان هەیە بەتایبەت بە بەراورد لەگەڵ منداڵانی شاری کۆیە، هەولێر و سلێمانی و خوێندکاران لە یەکەم جاردا ئاماژەیان بەو خاڵە کرد و ئەوەش بۆ رەگەز و جنسیەت ناگەڕێتەوە بەڵکوو بۆ پەروەردەی مامۆستاکان و بنەماڵەکان دەگەڕێتەوە.

ناوبراو وتی کە ئێمە هەوڵ دەدەین کە بە خوێندکاران نیشان بدەین پاشخانی ئەو نەقاشیانە چ دەردەخات کە ئایا ئەو منداڵانە هەر گرفتێکی پزیشکی، کۆمەڵایەتی و کەسایەتییان هەبێت لەو نەقاشیانە دەری دەخەن.

هەروەها رێحان حوسێن خوێندکاری زانکۆی کۆیە لە سەردانی خۆی بۆ ئەوم پێشانگایە بە هەواڵنێری کوردستان میدیای راگەیاند: ئێمە لەو پیشانگایەدا ئاستی زیرەکی ئەو منداڵانە بە باشی هەست پێدەکەین و دەیبینین کە سەرەڕای ئەوەیکە تەمەنێکی زۆر کەمیان هەیە بەڵام بیرۆکەکانیان زۆر بەرز و گەورەیە و دەبێ مامۆستا و بنەماڵەکان زیاتر هاندەر بن کە منداڵان باشتر تواناکانی خۆیان دەربخەن و ئەوەی کە ئێمە خوێندکاران لەو پیشانگایەدا دیتمان جیاوازییەکی بەرچاوی منداڵانی ناوەندی نێرگز لەگەڵ هەموو منداڵەکانی دیکەی شاری کۆیە دا بوو و ئێمە دەتوانین بۆ قوتابخانەکانی خۆمان سوودیان لێوەرگرین بەتایبەت هەستی منداڵان لەو نەقاشیانەدا دیاربوو کە لە بواری نەتەوەییەوە پەروەردە کرابوون و نەقاشیی تایبەت بە شنگال دەرخەری ئەو راستییە بوو و هەروەها ئاڵای کوردستان کە دەرخەری ئەوەیە کە منداڵان سەربەخۆیی کوردستانیان بۆ گرینگە.

ئەم پیشانگایە پاش دوو رۆژ کراوە بوون، رۆژی ٥ شەممە، ٢ی رێبەندان کۆتایی پێهات و بڕیار وایە کە سەرکەوتوانی ئەم پیشانگایە لە رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان کە لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەڕێوەدەچێت، خەڵات بکرێن.