کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازی نەکردنی هاووڵاتییانی بۆکان لە کەمپەینەکانی کۆکردنەوەی یارمەتیی سەربە رێژیم

22:33 - 30 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی شاری بۆکان، بەهۆی متمانە پێ‌نەکردن بە رێژیمی ئیسلامی، لە کەمپەینەکانی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شنگال کە لەلایەن مانگی سوورەوە (هلال احمر) رێخراون پێشوازی ناکەن.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا رێژیمی ئێران لە رێگای تۆڕەکانی موبایل، بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆغەززە بانگەوازی هاووڵاتییان دەکات.

بەپێی راپۆرتەکان، بەهۆی متمانە پێ نەکردن بە ریژیمی ئیسلامی ئێران و بنکەکانی سەربە رێژیمی کۆکردنەوەی یارمەتی، خەڵکی بۆکانی خستووەتە شکی ئەوەوە کە یارمەتییە کۆکراوەکان بۆ ئاوارە کوردەکانی شنگال نەنێردرێت.

لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییەکی شاری بۆکان بە هەواڵنێری کوردستان میدیای راگەیاند: هاووڵاتییان لەو کەمپەینانەی کە لەلایەن مانگی سووری رێژیمەوە رێکخراون پێشوازییان نەکردووە.

ئەو هاووڵاتییە لە دڕیژەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو کەمپەینانەی کە بەشێوەی خۆڕسک لەلایەن هاووڵاتییانەوە رێکخراون لەگەڵ پێشوازی بەرچاوی خەڵک بەرەوڕوو بوونەتەوە، هەروەها وتی: پڕوپاگەندەی بەرینی رێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەی کە رێژیم داوای کردووە هاووڵاتییان یارمەتی بە خەڵکی غەززە بکەن، متمانەی هاووڵاتییان بە کەمپەینەکانی کۆکردنەوە یارمەتی کەم کردووەتەوە.

لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییانی کورد داوایان لە بەرپرسانی کەمپەینەکان کردووە کە بە زووترین کات ئەو یارمەتییانە بۆ ئاوارەکانی شنگال بەڕێ بکەن.

هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە یارمەتیە کۆکراوەکان لە شارەکانی روانسەر، پاوە، نەوسود، نودشە، سەلاس باوەجانی و کرماشان لە رێگای سنووری نەوسودەوە رەوانەی هەرێمی کوردستان کراون.