کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشکەش‌کردنی خەڵاتی دەرهێنەرێکی کورد پاش بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتیی فستیڤاڵی بەیرووت بە کۆبانێ

15:56 - 20 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: سالم سەڵەواتی سینەماکاری کورد لە دەیەمین خولی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەیرووت کە لە پێتەختی لوبنان بەڕێوەچوو خەڵاتی \'\'باشترین فیلمی چیرۆکیی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوینی\'\' پێ بەخشرا و ئەو خەڵاتەی پێشکەش بە خەڵکی کۆبانێ کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ١٧ی رەزبەی ساڵی١٣٩٣ی هەتاوی دەیەمین خولی فستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەیرووت لە پێتەختی لوبنان کۆتایی پێهات و خەڵاتی ئەو فستیڤاڵە بەسەر باشترین بەرهەمەکاندا دابەشکرا.

لەو فستیڤاڵەدا فیلمی دوایین زستان(زمستان آخر) بەرهەمی سالم سەڵەواتی سینماکاری کورد خەڵاتی باشترین فیلمی چیرۆکیی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین و خەڵاتی باشترین فیلم نامەی بەدەستهێنا.

سالم سەڵەواتی ئەو خەڵاتەی پێشکەش بە خەڵکی کۆبانێ کرد کە ماوەی چەند حەوتوویە لەگەڵ توندرەوە سوننە مەزهەبەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش شەڕ دەکەن.

ئەو فیلمە بەسەرهات و لێك دابڕانی ژن و پیاوێك بە ناوی كوێخا و باجی بۆ بینەر دەگێڕێتەوە كە وەك تەنیا رزگاربوانی گوندێكی دووردەست كە بە ‌هۆی زۆربوونی ئاو وردە وردە كەوتووەتە ژێر ئاوەوە و دیار نەماوە.

فیلمی دوایین زستان لە فستیڤاڵی فیلمی بەغدا، ئەرمەنستان و هەولێر خەڵاتی بەدەستهێنابوو.

سالم سەڵەواتی لەدایكبوی شاری سنەیە و كاری فۆتۆگرافێر و دەرهێنەری سینەماییە و وەك وێنەگری سینەمایی زیاتر لە ٣٠ فیلمی كورت ‌و ٥ فیلمی درێژی وێنە گرتووە و هەروەها١١ فیلمی كورت ‌و دوو فیلمی درێژی بەرهەم هێناوە و خاوەنی دەیان خەڵات لە بوارە جیاجیاكانی كاری سینەما دایە.