کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنج هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کران

14:51 - 11 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: پێنج هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندێکی ناوچەی \'\'هەورامانی تەخت\'\' لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەسبەسەرکران و هەنووکە لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، پێنج هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی \'\'دەرەکێ\'\'ی ناوچەی \'\'هەورامانی تەخت\'\' سەربە شارستانی سەوڵاوا، رێکەوتی ٨ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی لە کاتێکدا چووبوونە \'\'چیای دەربەن\'\'، لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
ناسنامەی چوار کەس لەو دەسبەسەرکراوانە کە بۆ \'\'کوردستان میدیا\'\' ئاشکرا بووە، بەم چەشنەیە: سەباح مەحموودی کوڕی سوبحان، ئەحسەن حوسێنی کوڕی حەسەن، قوتبەدین حوسێنی کوڕی حەسەن و عادڵ محەممەی کوڕی محەممەد عەلی.
بەپێی ئەم راپۆرتە ناسنامەی پێنجەم دەسبەسەرکراو ناڕوونە، بەڵام دەوترێ برای عادڵ محەممەدی کوڕی محەممەد عەلی بێت کە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.
ئەو پێنج هاووڵاتییە هەنووکە لە دەسبەسەری دان و سەرەڕای بە دواداچوونی جیدیی بنەماڵەکەنیان، هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی راگیرانیان لەبەر دەستدا نییە.
هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە هەتا ئێستا بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان ناڕوونە.