کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی بەڕێز مستەفا هیجری بە بۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ مادە سڕكەرەكان

21:46 - 5 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەپەیامەكەی سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێراندا هاتووە، سپای پاسداران لەئێران مادە سڕكەرەكان بە مەبەستی تێكشكاندنی كەسێتی تاكەكان بەكار دێنێ‌.

دەقی پەیامەكە:


هاونیشتمانانی خۆشەویست!

خوشك ‌و برا بەڕێزەكانم!

خەسارە بەرین ‌و بەربڵاوەكانی بەكارهێنانی مادە سڕكەرەكان، لەئاستی هەموو جیهاندا ‌و ترس ‌و دڵەڕاوكێی كۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەو بەڵا ماڵوێرانكەرە بووە هۆی پێكهاتنی كۆنفرانسێكی نێونەتەوەیی بە مەبەستی بەربەرەكانی لەگەڵ اعتیاد ‌و قاچاخ كردنی مادە سڕكەرەكان لەشاری وییەن پێتەختی ئوتریش لە ١٧ هەتا ٢٦ی ژوئەنی ١٩٨٧ی زایینی(٢٧جۆزەردان هەتا ٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی كۆچی). لەو كۆنفرانسەدا بەڵگەیەك پەسند كرا كە بە پێی ئەو بەڵگەیە رێكارێكی گشتگیر لە پێوەندی لەگەڵ كۆنتروڵ كردنی مادە سڕەكەرەكان لە لایەن وڵاتانی بەشدار لەكۆنفراسەكە دیاری كرا كە ئەوانی ئەركدار كرد لە ئیقدام گەلێكی جیددی نێونەتەوەیی لە پێوەندی لەگەڵ بەربەرەكانی لەگەڵ بە قاچاخ كردنی مادە سڕكەرەكان، ئەو سەنەدە لە رۆژی ٢٦ی ژوئن/ ٥ی پووشپەڕ ئیمزا كرا ‌و لەو كاتەوە ئەو رۆژە وەك رۆژی جیهانی بەربەرەكانی لەگەڵ مادە سڕكەرەكان دیاری كرا.

حكوومەتی ئێران سەرەڕای ئەوەی یارمەتییەكی دارایی بەرچاو لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بە مەبەستی بەربەرەكانی لەگەڵ قاچاخ كردنی مادە سڕكەرەكان وەردەگرێ‌، بەڵام ئێستا بۆ خۆی بۆتە یەكێك لە تۆڕەكانی هەناردە كردنی ئەو موادە ‌و بڵاو كردنەوەی لە نێوخۆی ئێراندا بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی بەرنامەیەكی سیاسی، بە شێوەیەك كە سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ خۆی ئەو ئەركە جێبەجێ‌دەكا.

لەو پێوەندییەدا رۆژنامەی تایمز نووسیویەتی، قاچاخكردنی مادە سڕكەرەكان ساڵانە بە میلیاردان دولار داهاتی بۆ سپا هەیە و هەروەها یەكێك لەبەرپرسانی كۆماری ئیسلامیش بە رۆژنامەی تایمزیان گوتووە یەكێك لە هاندەرانی سپای پاسداران بۆ ئەو كارە زەربە وەشاندنە لە وڵاتانی رۆژئاوا.

لە نێوخۆی ئێران سپای پاسدارن مادە سڕكەرەكان بە مەبەستی تێكشكاندنی كەسێتی تاكەكان بەكار دێنێ‌، بەجۆرێك كە هەموو ئاگادارن لەزیندانەكانی رێژیم كە لەژێر چاوەدێری و لێپرسینەوەی توند ‌و تێژی ئیدارەی زیندانەكان دایە دەستاودەستكردن ‌و كەڵك وەرگرتن لەو مەوادە زۆر بە هاسانی جێبەجێ‌دەكرێ‌‌و كەم نین ژمارەی ئەو لاوە ئازادیخواز ‌و كەسایەتییە سیاسییانەی كە لەزینداندا موعتاد بوونە.

ئەو سیاسەتە دزێو‌و دژە مرۆڤایەتییە تەنانەت دەرحەق بەو نەتەوەكانیش رەچاو دەكرێ‌كە لاوەكانیان هەستی نەتەوایەتییان بەرزە ‌و بۆ داخوازە نەتەوەیییەكانیان خەبات دەكەن، یەك لەو نەتەوانە نەتەوەی كوردە كە چەند ساڵێكە كەوتۆتە بەر ئەو تاقیكاریە دژوار ‌و ماڵوێرانكەرە. لەپێناو ئەو سیاسەتەشدا كەش ‌و هەوایەكی وایان پێكهێناوە كە مادە سڕكەرەكان زۆر بە هاسانی لەهەموو شوێنێكی كوردستان دەست دەكەوێ‌، دەست ‌و پێوەندكانی رێژیم كە ئەو مەوادە بڵاو دەكەنەوە بۆ زۆربەی خەڵكی شارەكان ‌و بێ‌گومان بۆ كاربەدەستانی رێژیمیش ناسراون، دەكرێ‌بڵێین بە بێ‌ترس ‌و نیگەرانی ئەو كارە بێ‌شەرمانەیە درێژە دەدەن بە بێ‌ئەوەی نیگەرانیان لە دەست بەسەركردن ‌و سزادان هەبێ‌.

ئاكامی ئەو كارەی رێژیم بوەتە هۆی ئەوەی كە ژمارەی توشبووان بەو مەوادە بە تایبەت لە نێو لاواندا رۆژبەرۆژ بچێتە سەر، ئەوەش نیگەرانییەكی زۆری بۆ هەموو بنەماڵەكان پێكهێناوە.

سەرۆكی پولیسی بەناو بەربەرەكانی لەگەڵ مادەسڕكەرەكان لە پارێزگای كوردستان باس لە ٢١هەزار تووشبوو بەو مپوادە لەو پارێزگایە دەكا، بەو حاڵەش سردار نورووزی یەكێك لە بەرپرسانی ئەو بوارە دەڵێ‌: كوردستان پاش ئیلام پاكترین پارێزگا لەپێوەندی لەگەڵ بەكارهێنانی مادە سڕكەرەكاندایە. بە پێی وتەی ئەو بەرپرسانەی رێژیم ئەگەر بەو حاڵەوە پارێزگای كوردستان پاكترین بێ‌، دیارە وەزعی پارێزگاكانی دیكەی كوردستان دەبێ‌چۆن بێ‌؟

خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان!

رۆژانە لەبەر چاومان، دراوسێ‌كەمان، هاوكلاسەكەمان، منداڵان ‌و خۆشەویستەكانمان بە هۆی خووگرتن بە مادەسڕكەرەكان مۆمی تەمەنیان دەتوێتەوە ‌و هەر كام لەوان لەگەڵ ئەو توانەوە، ژیانی بنەماڵەیەكیش لەگەڵ خۆیان دەتوێننەوە، ئەو بەڵایە وەك ئاورێك بەر بۆتە كۆمەڵگەكەمان ‌و خەریكە نەك هەر ئیستا بەڵكوو داهاتووی كۆمەڵگاكەشمان بە وێرانی ‌و رۆژە رەشی دەكێشێ. حكوومەتیش كە دەبێ پارێزگاری لەو سەرمایە گەورەیە بكا كە لاوەكانن، بە شێوەی سیستماتیك لەو دیاردەیە كەڵك وەردەگرێ بۆ لە ناوبردنی پۆتانسێەل ‌و توانایی خەباتی رزگاریخوازی كورد ‌و بەستینی ئەو خەباتە.
كەوابوو نابێ چاوەڕوان بین كە رێژیم رێگاچارە بۆ رزگاری نەتەوەكەمان لەو كێشە گەورەیە بدۆزێتەوە، بەڵكوو بۆ خۆمان دەست بە كار بین بۆ بەرگری كردن لە تووشبوونی لاوەكانمان بەو نەخۆشیە ‌و چارەسەر كردنی تووشبووان. هەموو تاكێكی كورد لەو بارەوە بەرپرسە ‌و ئەركی سەرشانێەتی كە بە گۆێرەی توانا بەشدار ‌و یارمەتیدەری بەرەوپێش بردنی ئەو پڕۆسەیە بی، دەنا منداڵەكانمان ‌و لاوەكانمان كە سەرمایەی ئەوڕۆ ‌و داهاتووی وڵاتەكەمانن نامانبەخشن. ئەگەر لەو كارەدا لە خۆبردوویی نیشان نەدەین داهاتوومان كۆمەڵگایەكی سڕ، نەخۆش ‌و مردوویە، بۆیە هەتا رۆژێك زووتر دەست بە كار بین گیانی چەند لاوێكمان رزگار كردوە ‌و بەردێكمان لەسەر بناغەی بینای كۆمەڵگایەكی زیندوو‌و بەختەوەری داهاتوو داناوە كە منداڵەكانی ئێمەن.

ئەو ئەركە پێرۆزە دووبەش لە خۆ دەگرێ كە پێویستە هەر دووك ئەرك شانبەشانی یەكتر بەڕێوە بچێ:

یەكەم بەش، بەشی پێشگیری ‌و وریا كردنەوەی ئەندامانی كۆمەڵگا بەتایبەت لاوەكان ‌و مێرمنداڵانە، لەو بەشەدا زۆرن هێزەكانی كۆمەڵگا كە دەتوانن یارمەتیدەربن:

مامۆستایانی قوتابخانە ‌و زانكۆكان كە توێژی وریا، زانا و بەرپرس لەكۆمەڵگای ئێمەدان، روونكردنەوە ‌و وریاكردنەوەی لاوان لەسەر كلاسی دەرس ‌و مۆحیتی كاریاندا وەك ئەركێك چاو لێبكەن ‌و لاوەكان لەمەترسی مادە مەرگهێنەرە كارەساتبارەكان ‌وشیار بكەنەوە، دایك و باوكەكان بەشێوەیەكی شیاو ئاگاداری هەڵس ‌وكەوتی منداڵەكانیان ‌و چۆنیەتی هاوڕێكانیان بن، بە تایبەت لەماوەی پشووی هاویندا كە قوتابخانەكان تەعتیلە ‌و زۆربەی قوتابی ‌و خۆیندكارەكان بێكارن ‌و ئێمكاناتی تەفریح ‌و رابواردنی سالمی رۆژانە لە شار ‌و شارۆچكەكاندا نیە یان زۆر كەمە. پێویستە دایك ‌و بابەكان تێبكۆشن كە لەو ماوەیەدا مندالِەكانیان بە كارێكی باش ‌و بەكەڵك بە گوێرەی ئێمكاناتی خۆیان خەریك بكەن.

مامۆستایانی ئایینی نیشتمانپەروەر لە مزگەوتەكان ‌و دانیشتنیان لەگەڵ خەڵك لە هەر شوینێك، مەترسییەكانی تووشبوون بە مادە سركەرەكان ‌و ئاسەواری ئەو كارە لە بارەی ئایینی ‌و كۆمەڵایەتییەوە باس بكەن ‌و لێی ماندوو نەبن.

بەڵام بەشی دووهەمی ئەو ئەركە پیرۆزە یارمەتیدان بۆ تەرك پێكردنی ئەو كەسانەیە كە دووچاری ئەو بەڵایە بوون، لەو پێوەندیەدا روو دەكەمە دەوڵەمەندە خێرخۆاز ‌و نیشتمانپەروەركانی وڵاتەكەم بۆ ئەوەی بە تەنیا، یان بە كۆمەڵ لەشارەكاندا هیندێك ناوەندی توانا بەخشی ‌و تەرككردنی ئیعتیاد پێكبێنن ‌و ئێمكاناتی دەرمانی ‌و رەوان دەرمانی لەو ناوەندانەدا بۆ تووشبووان فەراهەم بكەن، پزیشكانی ئەم بوارە ‌و زانایانی بواری كۆمەڵناسی پێویستە لەو ناوەندانەدا یارمەتی بكەن بۆ سەركەوتنی پڕۆسەكە. ئەو بەشداریكردنە لەباری ئەخلاقی، نەتەوەیی ‌و ئایینیەوە ئەركی سەرشانی هەموو لایەكە. ئەوەی ماوەتەوە ئیشارەی پێ بكەم ئەوەیە كە لەم بەشە ‌و لە عیلاجكردنی توشبوواندا پێویستە تاكی تووشبوو وەك نەخۆشێك چاو لێ بكرێ نەك وەك تاوانبارێك ‌و لە جیاتی ئەوەی پەراوێزیان بخەن ‌و لەو ژیانە كە لە راستیدا مەرگێكی لەسەر خۆ ‌و كارەساتبارە، بەتەنیا بە جێیان بێڵێن، لە باری رووحی ‌و دەروونییەوە یارمەتییان بكەین ‌و ورەیان پێ ببەخشین بۆ تەرك كردن ‌و دووركەوتنەوەیان لەو نەخۆشیەی كە تووشی بوون.

دلنیام ئەگەر هەركەس لەو پێوەندییەدا ئەركی خۆی بە باشی بەڕێوەبەرێ، زۆر لەو نەخۆشانەمان چارەسەر دەكرێن ‌و زۆر كەمتریش تووش دەبن ‌و لە ئاكامدا كۆمەڵگایەكی سالمتر، زیندووتر‌و بەختەوەرمان دەبێ، با هەموومان لە بنیاكردنی ئەو كۆمەڵگایەدا شانازی بەشدار بوونمان هەبێ.

سوپاستان دەكەم

مستەفا هیجری

سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران

٤‌ی پووشپەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی