کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی خوێندکارانی کوردی زانستگاکانی تاران و تەورێز بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ

17:28 - 16 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: خوێندکارانی کوردی زانستگاکانی تەورێز و تاران بەبۆنەی رۆژی ١٢ی بانەمەر رۆژی شەهیدبوونی سمایل شەریف‌زادە، پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی ئەو پەیامە کە نوسخەیەکی بە \'\'کوردستان میدیا\'\' گەیشتووە، بەم چەشنەیە:

ئەگەر من باسی ئازادکردنی گەلێک بکەم و خۆم ئامادە نەبم گیانی خۆم بەخت بکەم ئەوە هیچ مانایەکی نییە
ویژدانە ئاگادارەکان
کۆمەڵانی بە شەرەفی کوردستان
خوێندکارانی وشیاری کورد

دەگمەنن ئەو مرۆڤە خۆنەویستانەی کە لەپێناو ئامانجێکی پیرۆزدا گیانیان دەکەنە بەردەبازی رێگای سەرکەوتنی گەل و نەتەوەکەیان بە بێ ئەوەی چاوەڕوانی هیچ پاداشێک بن. نەتەوەی کوردیش وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت، یان بە واتایەکی‌تر وەک بەشخوراوترین نەتەوەی گۆی زەوی ژمارەیەک لەم مرۆڤانەی پێشکەشی بارەگای ئازادی کردووە کە بە خوێنی تەشی خۆیان رێگای پڕ هەورازی سەرکەوتنیان نزیک کردۆتەوە، شەهید سمایلی شەریفزادە و هاوڕێیانی نموونەی ئەو مرۆڤە مەزنانەن. ١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ ٤٦ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی کاکە سمایل و هاوڕێیانیدا تێدەپەڕێ و ئێمە لە کاتێکدا یادیان پیرۆز رادەگرین کە هێشتا ئاواتە بەرزەکانیان نەهاتوونەتە دی.
خوێندکارانی شۆڕشگێڕی کورد
شەهید سمایل شەریف‌زادە لە کاتێکدا رووی کردە چیا گەردەنکەشەکانی کوردستان و بە ورەی پۆڵایینی دڕی بە شەوەزەنگی تاریکیدا کە دەیتوانی وەک زۆر لە هاوپۆلەکانی شوێن کاروباری ئاسایی ژیانی کەوێ و واتای ژیان لە کەڵەکەکردنی سەروەت و ساماندا کورت بکاتەوە، بەڵام بە هەست بە بەرپرسیارەتی کردن لەهەمبەر نەتەوە بەشخوراوەکەیدا بۆ هەتاهەتایە خۆی کردە ئەستێرەیەکی پڕشنگداری خەبات بۆ سەربەرزی.
هەر بۆیە ئێمە لە هەموو خوێندکارانی نەتەوەکەمان داوا دەکەین بە هەست بە بەرپرسیارەتی لە بەرانبەر نەتەوە بەشخوراوەکەمان و خۆ رێکخستن لە ژێر چەتری رێکخراوەکەمان کە درێژەدەری بە ئەمەگی رێگەی شەهید سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانیەتی، لە بەرانبەر نەتەوەی کورددا هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و رێگەی گەیشتن بە ئاواتەکانی گەلەکەمان کورت بکەنەوە، بە داخەوە لە دونیای ئەمڕۆدا کە کولتووری زاڵی سەرمایەداری باڵی بەسەر هەموو جمگەکانی ژیانماندا کێشاوە، نەتەوەکەمان زیاتر لە رابردوو پێویستی بە هەست بە بەرپرسیارەتی کردنی ئێوە وەک توێژی رووناکبیری کۆمەڵگایە. دەبێ هەوڵ بدەین کە بایەخە بەرزە مرۆیی‌یەکان ببێتە سەرمەشقی رێگامان و گێژاوی ژیانی پارە و سامان بە لاڕێماندا نەبات و لە رێگەی سەربەرزی وڵاتەکەمان دەست لە ناو دەستی یەک هەوڵەکانمان گەرم و گوڕ کەین هەتا دەگەینە سەرکەوتنی ئێجگاری و وەدیهێنانی خەونی شەهیدانمان.
سەرکەوێ خەباتی رەوای گەلی کورد بە پێشەنگایەتی رۆڵە دەروەست و شۆڕشگێڕەکانی

خوێندکارانی کوردی زانستگاکانی تەوریز و تاران