کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی مستەفا هیجری لە جێرێمی كۆربین بە بۆنەی هەڵبژاردنی ناوبراو بە سەرۆكی حیزبی كرێكاری بریتانیا

16:36 - 9 رەزبەر 2715

كوردستان میدیا: سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەپەیامێكدا بە بۆنەی هەڵبژاردنی جێرێمی كۆربین بە سەرۆكی حیزبی كرێكاری بریتانیا، پیرۆزبایی لە ناوبراو كرد.

دەقی پەیامەكە بەم چەشنەیە:

بەڕێز جێرێمی كۆربین

لەلایەن حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە گەرمترین پیرۆزباییتان پێشكەش دەكەم بە بۆنەی هەڵبژاردنتان بۆ سەرۆكی حیزبی كرێكار.

هیوادارین كە حیزبی كرێكار لەژێر سەرۆكایەتی تازەی‌دا، بەردەوام بێت لە پشتیوانیی سیاسی و مەعنەوی مێژینەی خۆی بۆ خەبات بۆ مافی مرۆڤ و دێموكراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لە ئێراندا.

پشتیوانی لە خەبات بۆ دێموكراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گرینگی تایبەتی هەیە بۆ ڕێگە خۆش كردن بۆ بەدەستهێنانی ئارامییەكی جێگیر و ئاشتییەكی بەردەوام لەم بەشە گرینگەی جیهاندا. هۆكاری سەرەكی بۆ بەردەوامیی كێشەكان لەم ناوچەیەدا، لەوانە مەسەلەی تیرۆریزم و پەیدابوونی ڕێكخراوی توندڕەوی وەك داعش، پاوانخوازیە.

كۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێوەیەكی سیستماتیكی ئۆپۆزیسیۆنی دێموكراتیكی لەناو خۆی ئێراندا سەركوت كردوە، لە هەمان حاڵدا سەرەكیترین پشتیوانی گرووپە تیرۆریستییەكانە، ئەم كۆمارە نەتەنیا یارمەتی مانەوەی ڕژێمی دڕندەی ئەسەد لەسەر تەخت دەدات، بەڵكوو بەشداریی ڕاستەوخۆی هەیە لە كوشتنی خەڵكی مەدەنی و بێ‌گوناح لە سووریە. هەربۆیەش پشتیوانیتان بۆ گۆڕینی ڕێژیمی ئێران و هێنانە سەركاری حكومەتێكی دێموكراتیك ئەمرێكی زۆر گرینك و ستراتیژیكە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەكەدا.

پێشتیوانی لە مافی نەتەوەیی كورد، پێویستە بە گرینگیەكی زۆرەوە سەیر بكرێ بۆ بەدیهێنانی ئەم ئاشتی و ئاسایشە. جەنابتان وەك كەسێكی سیاسیی بە بیر و باوەڕ ناسراون، بۆیەش هیوادارین ئێوە پشتیوانی خەباتی ڕەوا و مێژینەی ئێمە بن بۆ بەدەست هێنانی ئازادی، دێموكراسی و مافە ڕەواكانی گەلی كورد.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
سكرتێری گشتی
مستەفا هیجری
سێپتامبری ٢٠١٥