کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پێشمەرگەکانی شار بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

18:50 - 10 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: پۆلێک لە پێشمەرگەکانی شار لە دووتوێی پەیامێکدا بەبۆنەی ٧١ەمین ساڵیادی لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری نوێ کردەوە.

دەقی پەیامەکەیان بەم چەشنەیە:

لە ئولکەی عیشقەدا بێ چوونە سەردار بە ئاسانی مەزانە بوونە سەردار
هەیە گەرعیشقی سەرداری لە سەرتا بکە مەشقێ لەوانەی چوونە سەر دار


لە ڕۆژی شەهید کرانی پێشەوا قازی محەممەد، سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی پاکی پێشەوا و هەموو شەهیدانی حیزب و گەل. ڕێژیمی ناوەندگەرای تاران بە شەهید کردنی پێشەوای نەمر و هاوڕێیانی پێی وابوو دەتوانێت بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە نێو ببات و بیر وهزری ئازادیخوازی و نیشتمانپەروەری لە مێشکی نەتەوەی کورددا بسڕێتەوە، بەڵام بەردەوامی خەبات لە لایەن شۆڕشگێڕانی ڕێبازی پێشەوا، سەلمێنەری ئەوەیە کە ڕێژیمە شوڤێنیستەکانی تاران لە هەڵەیەکدا دەژین کە بناغەکەی لە سەر ئینسان کوشتن و دژایەتی مافە ئینسانییەکان دامەزراوە. ئێمە وەک هەمیشە خۆمان بە درێژەدەری ڕێبازی پڕسەروەری شەهیدان دەزانین و لەم ڕۆژەدا لەگەڵ ڕۆحی بەرزی پێشەوای شەهیدان و هەموو شەهیدانی کوردستان و کورد پەیمان نوێ دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین هەتا دواهەناسە پارێزەری خاکی پیرۆزی کوردستان و هەموو سەمبۆل و هێما و ئەرزشەکانی کۆماری کوردستان بین. ڕێژیمی تیرۆریستی ئاخوندی بە نیسبەت مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کوردەوە بە میراتگری هەمان بیرۆکەی هەڵە و چەپەڵی دژە ئینسانی ڕێژیمی شا دەزانین هەر بۆیە لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بۆ لەنێوبردنی ئەم ڕێژیمە درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین .

لە کۆتاییدا سەری کڕنۆش لە بەرانبەر بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دادەنەوێنین، سڵاوی گەرم بۆ زیندانییە خۆڕاگرەکان دەنێرین و پێشمەرگە قارەمان و شۆڕشگێڕەکانی شاخ دڵنیا دەکەینەوە کە خەباتی شار تا گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد هەر بەردەوام دەمێنێتەوە
مردن و نەمان بۆ دوژمنانی نەتەوەی کورد، سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سەقز