کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کەبوودوەند بەبۆنەی ٦٨ەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان

14:45 - 1 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: سەرۆکی بەندکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە زیندانی ئەوینەوە، لە پەیامێکدا ٦٨ەمین ساڵـڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانی پیرۆز کرد.
دەقی پەیامەکە کە نوسخەیەکی بە \'\'کوردستان میدیا\'\' گەیشتووە، بەم چەشنەیە:
پاڵپشتیی لە مافی خودموختاری و سیستمی فیدراڵی بکەن

ساڵـڕۆژی ٢ی رێبەندان، رۆژی خودموختاریی کوردستان لە نەتەوەی کورد پیرۆز دەکەم و رێز لە پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی لەمەڕ راگەیاندنی کۆماری خودموختاری کوردستان لە رێکەوتی ٢٢ی ژانوویەی ١٩٤٦ی زایینی و هەوڵەکانیان بۆ بەشداری پێکردنی نەتەوەی کورد لە مافی چارەی خۆنووسین لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا دەگرم و هەروەها رێز لە خەباتی هەموو ئەو کەسانە دەگرم کە بۆ ئازادی و دابینکردنی مافەکانی نەتەوەی کورد، پشتیان لە گیان و ماڵ و ژیانیان کرد.
دەوڵەتی خودموختاری کوردستان ٦٨ ساڵ پێش ئێستا سەرەڕای ئەوەی کە بەشە سەرەکییەکان و ناوچەکانی ناوەند و باشووری کوردستانی لەژێر دەسەڵاتدا نەبوو، بەڵام پێکهاتەی ئەو دەوڵەتە چکۆلەیە لە چوارچێوەی ئێران لەسەر بنەما دێموکراتەکان، کۆماریخوازی، پلۆرالیزم، ئاشتی و مافی مرۆڤ دامەزرابوو. ئامانج و بەرنامەکانی لەو سەردەمەدا پێش پەسندکردنی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ، لەسەر بناغەی بنەما مرۆیی‌یەکان و لە جۆری خۆیدا بێ وێنە و دێموکراتیک بوون، هەر بۆیە ئێمە ئەمڕۆ رۆژی ٢ی رێبەندان وەکوو خاڵی وەرچەرخانی خەباتی مەدەنی و سیاسیی نەتەوەی کورد بە روانینی ئاشتیخوازانەەوە و لەسەر بنەمای ناسینەوەی مافی نەتەوەکان و کۆمەڵگا ئێرانییەکان و پێکەوەژیان لە چوارچێوەی سنوورەکانی وڵات و رێزگرتن لەو مافانە ناو دەبەین.
لەم رۆژە مێژوویی‌یەدا جارێکی دیکە پاڵپشتیی خۆم لە داخوازییەکانی نەتەوەی کورد بۆ خودموختاری لە چوارچیوەی سیستمێکی دێموکراتیک و فیدراڵدا دەردەبڕم و دڵنیاشم کە نەتەوەی کورد و هەموو ئەوانەی کەلە نادادپەروەری بەشخوراویدا دەچەوسێنەوە و مافە سەرەتایی و ئازادیی مرۆیی‌یەکانیان پێشێل کراوە، بە پشت بەستن بە ئیرادە و یەکیەتی و یەکگرتوویی و لێهاتوویی‌یەکانیان لە ستەم و ئازار و بێ مافی رزگارییان دێت و بە مافەکانیان و ئازادی و دەسەڵاتی مافی چارەی خۆنووسین دەگەن.
تاران، زیندانی ئەوین
محەممەد سەدیق کەبوودوەند
سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان
١ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی
٢١ی ژانوویەی ٢٠١٤ی زایینی