کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی زانایانی ئایینی بەبۆنەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو

16:07 - 19 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی پەیامێکی روو لە مامۆستایانی ئایینی و خەڵکی مافخوازی کوردستان بڵاو کردەوە.

دەقی ئەو پەیامە کەلە وێبلاگی yzaki بڵاوبووەتەوە، بەم چەشنەیە:

خەڵکی مافخوراوی کوردستان!
مامۆستایانی ئایینیی نیشتمانپەروەر و رۆڵە خەباتگێڕەکانی گەلەکەمان!

٢٥ ساڵ بەر لە ئێستا تیشکی خۆری گەلەکەمان بە دەست مرۆڤکوژانی خوێنمژی جەماران کوژایەوە، تیرۆریستانی ترسەنۆکی کۆماری پەت و سێدارە ویستیان بە لەناوبردنی رێبەری هەمیشە زیندووی گەلەکەمان، هیوا لەناو دڵی هەر تاکێکی کورد بخنکێنن و ئیتر چرای هومێد بۆ رزگاری ئەم گەلە چەوساوە بۆ هەتا هەتایە بکوژێننەوە.

رێژیمی دژەگەلی بەنێو ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە بە هەموو هێز و دەسەڵاتی خۆی بۆ لەناو بردنی هزری مافویستیی گەلەکەمان لە هەر چەشنە پیلانێکی ناجوامێرانە کەڵکی وەرگرتووە، هەر لە فتوای جیهادەوە بگرە تاکو رەشەکوژی و سێدارە و بەندکردنی درێژخایەنی رۆڵە بە ئەمەگەکانی ئەم نیشتمانە خۆشەویسته، بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ لە رەوتی خەبات لە ئێران و بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەبینرێت بێ ئاکامی سیاسەتە چەپەڵەکانی کۆماری سێدارە و تیرۆرە لە گەیشتن بە ئامانجە نگریسەکانی.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بۆ جارێکیتریش پشتیوانیی خۆی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان دەردەبڕیت وهاودەردی خۆی لە ساڵوەگەری تیرۆری شەهید دوکتور قاسملو لەگەڵ حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دووپات ‌دەکاتەوە.

سڵاو لە روحی پاکی شەهیدی رێبەر و هەموو شەهیدانی رێگای رزگاری
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
١٨ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی ‌