کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی سێ چالاکی کرێکاریی دەستبەسەرکراو، ناڕوونە

18:18 - 22 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ماوەیەک لەمەوبەر دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنەیان دەستبەسەر کردووە و هەتا ئێستا چارەنووسی دۆسییەکانیانان ناڕوونە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوای تێپەڕبوونی ٢٥ رۆژ لە دەستبەسەرکردنی دوو چالاکی کرێکاری، لە شوێنی راگرتن و هۆکاری دەستبەسەرکردنیان هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

کۆمیتەی هاودەنگی بۆ دامەزراوە کرێکارییەکان، شوناسی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەیان ئارام و فواد زەندی راگەیاندووە.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی لە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییانە کردووە و رایگەیاندووە هیچ کەس بۆی نییە بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە سەردانی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە بکات.

دەوترێت ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی لە دایکی (٧٠ ساڵ) یەکێک لەو چالاکەنە کردووە.

لە لایەکی دیکەوە حامید مەحموودنژاد چالاکێکی دیکەی کرێکاری و لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان ماوەی ٢٣ رۆژە لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا راگیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار هۆکاری گرتنی ئەو هاووڵاتییەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە، مەحموودنژاد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بانگهێشت کراوە و نەیتوانیوە لە کاتی خۆیدا ئامادە بێت.

حامید مەحموودنژاد پێشتریش لە مانگی رەشەمەی ١٣٩١ لەنێو ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و خاکەلێوەی ١٣٩٢ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.