کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی کورد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە سنە دەسبەسەر کرا

17:14 - 31 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: عێزەت گوڵپەری پوور چالاکی کورد و وەرزشوانی رشتەی شاخەوانی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە دەسبەسەر و لێپێچینەوەی لێ کرا.
کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردەوە، عێزەت گوڵپەری پوور رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٩ی پووشپەڕ دەسبەسەر کراوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە ئەو چالاکە کوردە پاش بانگهێشتکران لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لێپرسینەوە و دەسبەسەر کراوە و بنەماڵەکەشی لە چارەنووسی هیچ زانیارییەکیان لەبەر دەستدا نییە.

عێزەت گوڵپەری پوور پێشتریش لە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە دەسبەسەر و بۆ ماوەی یەک مانگ زیندانی کرابوو کە دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ناوبراو لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە دادگایی کرابوو و بە تۆمەتی \'\'دروستکردنی پشێوی لە تەناهیی نەتەوەیی\'\'دا سزای سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپابوو.

لەلایەکی دیکەشەوە لە شاری سەڵماس سەربە پارێزگای ئورمیە چالاکێکی سینفیی بازاری ئەو شارە بەناوی \'\'مەحموود عابدینی\'\' لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە لە ماڵەکەیدا دەسبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیار رایانگواستووە و تیکڕای کەلوپەلی تاکەکەسیی وەکوو کامێرا، ئالبۆمی وێنەی بنەماڵەکەی و هەروەها رێسیویری ماهوارەکەیان زەوت کردووە.