کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاكیی تەبلیغی لەكوردستان بە بۆنەی سالڕۆژی شەهیدكرانی دكتور قاسملوو و هاوڕێیانی

22:11 - 23 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەشارەكانی تیكاب، سنە، بۆكان، شنۆ، رەبەت، نەغەدە، ورمێ‌، سەڵماس، مەهاباد،كامیاران و مەریوان بەبۆنەی ٢٤مین ساڵڤەگەڕی شەهیدكرانی دكتور قاسملوو و هاوڕێیانی چالاكیی تەبلیغی بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێمۆكرات لەشاری تیكاب لەگەڕەكەكانی شەریف ئاوا، هەواشناسی، ناوباخ و قەرەناو بەسەدان تراكت و پوستێری ٢٢ی پووشپەڕیان بڵاو كردۆتەوە.

مەریوان
لەشاری مەریوان چالاكیی تەبلیغی بەڕێوەچووە و ئەو شوێنانەی چالاكیی تێدا ئەنجام دراوە بریتین لە: شەقامی شەبڕەنگ، چوار رێیانی سەرەكیی و بایەوا، بلواری موعەلیم، گەڕەكی ئیستادیۆم و پووریای وەلی و جادەی مەریوان ـ باشماخ، سەردۆشییەكان، سێ‌رێیای نێ‌، تەرخان ئاوا، مەیدانی جیهاد، ترمیناڵ، شەقامی د.قاسملوو.
هەروەها لەئاواییەكانی نێ‌، دەرەتفێ‌، كەلەكەجان، كانیسانان، بەردەڕەشە هەتا نزیك باشماخ، ئاوایی سەردۆش و لەو ئاواییەدا ئاڵای كوردستان و ئاڵای رەنگی شین لەسەر مەنبەعی ئاو هەڵكرابوو و لەئاوایی سەردۆش وتەكانی دكتور قاسملوو و دەنگی ئەحمەد شێربەگی لە بلیندگۆی مزگەوتەوە بڵاو كرابۆوە و لەو پێوەندییەدا هێزە ئەمنیەتییەكان بەرقی سەرجەم گوندەكەیان بچڕاندبوو.

سنە
ناو ئاپارتمانەكانی ئەدەب، پاركی ئوستانداری، سێ‌رێیانی ئەدەب و كۆڵانەكانی ئەدەب ئەو شوێنانە بوون كە چالاكیی تێدا ئەنجام دراوە.

گوندی نییەریش لەچالاكیی بێبەری نەبووە و ئەندامانی حیزبی دێمۆكرات ئاڵایەكی گەورەی كوردستانیان لەسەر دەكەڵی موخابرات ‌و هەروەها لە روبەڕووی گوندیش ئاڵایان هەڵكردبوو و خەڵكی ئاوایەكەش جلوبەرگی شینیان لەبەر كردبوو.

شنۆ
ئەندامانی حیزبی دێمۆكرات لە رۆژی ٢٢ی پووشپەڕ لە نێو شاردا ئاڵای كوردستانیان بە فوودانەوە هەڵواسیبوو و بۆ ماوەیەكی زۆر بە ئاسمانی شارەكەدا لە بەرچاوی خەڵكی بوو.

لەگوندەكانی سوجە، خانلەر، ئالیاوێ‌، گردكاشان، شێخان، نەڵیوان و بێژاوێیش پوستێر بڵاو كراوەتەوە.

بۆكان

لە شارەدێی رەحیم خان لەناوچەی ئاڵەشینی بۆكان ئاڵایەكی گەورەی كوردستان لە نزیك مزگەوتی ئاوایی هەڵكرابوو و گەڕەكەكانی شاری بۆكان كە بریتین بوون لە: گەڕەكی٥٥، كۆڵانی دیمەن، كۆڵانی چیمەن، سێ‌رای خاوەران ‌و هەروەها لە گوندەكانی كۆخان، خان كەندی، دێی مەلا، سەوزی، خەتایی، قەرەگۆل سەرچنار، حاجی لەك، قەڵا، ئاغەڵیان، حوسێن مامە، قەرە مووسالیان، جادەی مهاباد ـ بۆكان، جادەی بۆكان ـ میاندواوش تراكت و پوستێر بڵاو كرابۆوە و دروشم نووسرابوو.

لەشاری بۆكان لەكاتی دوانیوەڕۆ بەو لاوە بەشێك لە دووكاندارەكان، دووكانەكانی خۆیان داخستبوو و بە بیانووی كردنەوەی بەربانگ روویان لەسەیرانگاكان كردبوو و كاتژمێر ١١ی شەو بەكاتی تاران زۆربەی خەڵك لە شاری بۆكان بەتایبەت لە ناوچەكانی پیرمحەممەد‌و چۆمی مەجیدخان چرای ماڵەكانیان بۆ ماوە ٣خولەك كوژاندبۆوە.

ناوچەی ئاڵەشین: لەناوچەی ئاڵەشین خەڵكی گوندەكانی عەسكەرئابات، گامێشگۆلی، قەڵای برایمابات، مشیرئابات، گوێگجەلی، رەحیم خان، سەراو ‌و ئەرمەنیبڵاغی بە پۆشینی جل ‌و بەرگی پێشمەرگانە ‌و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان یادی رێبەری مەزنی گەلی كورد دكتور قاسملوویان بەرز راگرت.

رەبەت

ئەندامانی حیزبی دێمۆكرات لەشاری رەبەت بە بڵاو كردنەوەی پوستێر ‌و تراكت لە نێو خەڵك ‌و نووسینی دروشم لە پاركی شار، جادەی لەیلانە بۆ رەبەت وەفاداری خۆیان بۆ حیزب ‌و خوێنی شەهیدان دووپات كردەوە.

نەغەدە

مزگەوتی جامێعە، مزگەوتی بلالی حەبەشی، مزگەوت حاجی عەزیز، فەرهەنگیان، ١٦ دەزگا، شەقامی د. قاسملوو، سمائیل ئاباد، مەدرەسەی ئازادەگان و پاركی موعەلیم.

خەڵكی بەشەرەف ‌و خۆڕاگری شاری نەغەدە لە رۆژی ٢٢ی پووشپەڕ بە پۆشینی جل‌و بەرگ بە شێوەیەكی گشتی لە نێو شاردا كە رەنگی شینیان زۆرتر بەكار هێنابوو بۆ جارێكی دیكە حەماسەیان خوڵقاند ‌و یادی رێبەری مەزنی گەلەكەمانیان بەرز راگرت.


ورمێ‌و سەڵماس

ناوچەی سۆما: هۆەسن، جووهینی، جولخەران، پردە زرەد، هەشتیان، كانی میان لە ورمێ‌كاری تەبلیغی تێدا كراوە و هەروەها لەگوندەكانی مەلحەم، حەوتەوانی سەر بە سەڵماسیش پوستێر و تراكت بڵاو كراوەتەوە.

مهاباد
بازای مهاباد، مەیدانی ئارد، فەلەكەی مەلا جامی، مەیدانی مەنگوڕان، چوار رای ئازادی، فەلەكەی ساعەت لە ئەو شوێنانەی شاری مەهابادن كە چلكیی بەربڵاو تێیاندا بەڕێوە چووە و هەروەها لەكاتی ١١ی شەو بەكاتی تاران خەڵكی ئەو شارە بە شێوەیەكی گشتی چرای ماڵەكانیانیان بۆ ماوەی ٣خولەك كوژاندبۆوە.

كامیاران

لە شاری كامیاران لەكاتی ١١ی شەودا بۆ بەرز راگرتنی یادی شەهیدانی وییەن دانیشتوانی شەقامی د. قاسملوو، جادەی ئەڵك، بانە تەپە، فەرهەنگ سەرا چرای ماڵەكانیان كوژاندبۆوە.