کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار هاووڵاتیی ئەمریکایی لە تاران دەسبەسەر کران

17:06 - 3 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: هەواڵنێرێکی رۆژنامەی واشینگتۆن پۆست لەگەڵ هاوسەرەکەی و دوو وێنەگری ئەمریکایی لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە لە تاران دەسبەسەر کران.


واشینگتۆن پۆست بڵاوی کردەوە، ئێوارەی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٣١ی پووشپەڕ، چوار هاووڵاتیی ئەمریکایی بە ناوەکانی جیسۆن رەزاییان هەواڵنێر، یەگانە ساڵحی خێزانی ناوبراو و دوو وێنەگری ئەمریکایی کە ناوەکانیان نەزانراوە لە تاران دەسبەسەر کراون.

داوگلاس یەهل سەرنووسەری بەشی بیانیی رۆژنامەی واشینگتۆن پۆست وتوویەتی: رۆژنامەکەی کۆمەڵێک راپۆرتی باوڕپێ کراوی لەسەر دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکایی‌یانە بە دەست هێناوە، بەڵام روون نییە لەلایەن چ کەسانێکەوە و بۆ دەسبەسەر کراون.

ناوبراو نیگەرانیی خۆی لە دۆخی جیسۆن و هاوڕێکانی دەربڕیوە.

گڵاس یەهل وتیشی: جیسۆن رەزاییان کەلە ٢٠١٢ی زایینییەوە هەواڵنێری واشینگتۆن پۆست لە تارانە، رێپۆرتێرێکی بە ئەزموونە و شیاوی ئەوەیە کە پشتیوانیی لێ بکرێت.

جیسۆن رەزاییان ئەمریکایی‌یەکی بە رچەلەک ئێرانییە و بنەماڵەکەی لە ئێران رایانگەیاندووە کە ئەمادە نین لەو پێوەندییەدا لێدوان بدەن.

یەگانە ساڵحی خێزانی جیسۆن ئێرانییە و بۆ رۆژنامەی \'\'ناشناڵ\'\' چاپی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کار دەکا.

رۆژنامەنووسانی بیانی کە بۆ میدیا بیانییەکان کار دەکەن، لە کارکردن لە ئێراندا بەرەوڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگی وەکوو \'\'وەرگرتنی ئیقامە و چوارچێوەداربوون\'\'ی چالاکییەکانیان دەبنەوە و ساڵانە گوێبیستی هەواڵی دەسبەسەرکرانی رۆژنامەنووسان و داخرانی دەفتەری نوێنەرایەتییەکان لە تاران دەبین.