کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوارەمین فێستیڤاڵی نێرگز بە بەشداریی منداڵانی چوار پارچەی كوردستان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو

16:55 - 18 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: بە بەشداریی منداڵانی هەر چوار پارچەی كوردستان، چوارەمین فێستیڤاڵی هاوینیی نێرگز لە لایەن ناوەندی نێرگز بۆ پەروەردەی فیكری و هونەریی منداڵان و مێرمنداڵانی كوردستانی ئێران و گرووپی دۆق شارتەر لە شاری كۆیە بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەو فێستیڤاڵە رۆژی یەكشەممە رێكەوتی١٧ی خەرمانان بە بەشداریی چالاكانی منداڵان و چەندین گرووپی هونەریی لە هۆڵی ئازادی بەڕێوەچوو و سەرەتای فێستیڤاڵەكە بە سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' دەستی پێكرد.

فێستیڤاڵەكە بە وتەكانی رێزدار مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات كرایەوە و وتی: حكوومەتە دیكتاتۆرەكان بە بەردەوامی زوڵمیان لە منداڵان كردووە و لە مافەكانیان بێبەرییان كردوون و باسێكیشی لە منداڵانی سووریە كرد و وتی: منداڵانی سووریە و بە تایبەتی كورد بەو هەلومەرجەی كە هاتۆتە پێش لە پەروەردەی دایك و باوكەكانیان بێبەری بوون و زوڵمێكی زۆریان لێكراوە.
سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات ئەوەشی خستە روو، یەكێك لە پیلانی رێژیمەكانی زاڵ بەسەر كوردستاندا ئەوە بووە، كە منداڵەكان لە دایك و باوكەكانیان داببڕن و سەرەڕای هەوڵی زۆر لەو كارەدا سەركەوتوو نەبوون و ئێستاكەش ئاڵای كوردستان بە دەستی منداڵان لە حاڵی شەكانەوە دایە.
رێزدار هیجری هیواشی خواست، ئەو فێستیڤاڵە ببێتە هۆی لێك نزیك بوونەوەی هەرچی زیاتری منداڵانی كورد هەتا سەركەوتنی زیاتر بەدەست بێنێن.
دواتر فاتح ساڵحی بەرپرسی ناوەندی نێرگز چەند وتەیەكی پێشكەش كرد و سەرەتا وتی: وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری منداڵان، رێكخراوی ئەستێرە، كۆڕەك تیلیكۆم، گرووپی دۆق شارتەر و دەستەی رێكخراوە جەماوەری و پێشەییەكانی پارتی دێمۆكراتی كوردستان لە بەڕێوەچوونی ئەو فێستیڤاڵەدا یارمەتیدەر بوون.
ساڵحی وتیشی: ئەو فێستیڤاڵە بە هەموو منداڵانی كوردی راگەیاند، كە كوردستان یەك وڵاتە و هەموو منداڵی یەك نیشتمانن و هیواشی خواست منداڵانی كورد بۆ كوردستان تێبكۆشن و خۆشەویستیی نیشتمان بكەن بە وانەیەكی هەتاهەتایی و لە كۆتاییدا سپاسی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانیشی كرد كە هەردەم پشتیوانی سەرەكیی مافەكانی منداڵانی كورد بێ‌ لەبەرچاو گرتنی خاك و جوغرافیا بووە.
لە لایەكی دیكەوە بەڕێز سامان فاتح بەڕێوەبەری ناوەندی رۆشنبیریی منداڵانی كۆیە وتی: ئێمە خۆشحاڵین كەلە چوارەمین فێستیڤاڵی هاوینیی نێرگزدا بەشداریمان كردووە و پەیاممان ئەوەیە كە چۆن بتوانین منداڵان لەسەر شەقام و كۆڵانەكان كۆ بكەینەوە بەرەوە ناوەندێكی تایبەت بە منداڵان رایانبكێشین.

سامان وتیشی: ئێمە دەمانهەوێ‌ خولی تایبەت بە فێركاریی منداڵان بە بەردەوامی بكەینەوە و لەوێدا منداڵان لەگەڵ شتەكانی سەردەم ئاشنا بكەین.

ئەو فێستیڤاڵە لە دوو بەش پێكهاتبوو، كەلە بەشی یەكەمدا ئەو بڕگانە بەڕێوەچوو:

ـ شانۆی قرپۆقی ناو ئاو، منداڵانی نێرگز

ـ كە رووخاوە نەكەی، گرووپی دۆق شارتەر و ناوەندی نێرگز (منداڵانی ناوەندی٣ی كوردستان)

ـ هەڵپەركێ‌، گرووپی باران و منداڵانی نێرگز

ـ شانۆ، منداڵانی ناوەندی ١ی كوردستان و گرووپی رۆژئاوا

ـ گۆرانی، دلان داری

بەشی دووهەم بریتی بوو لە:


ـ دوو كۆنسێرت لەلایەن تیپی مووسیقیی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری منداڵانی هەولێر و تیپی سەیت ئاریی باكوور

ـ هەڵپەركێ‌، منداڵانی ناوەندی نێرگز

دوو گۆرانی لەلایەن گرووپی دۆق شارتەر و منداڵانی كۆیە

لە كۆتایی فێستیڤاڵەكەدا خەڵات بەسەر سەرجەم منداڵانی بەشدار لەو فێستیڤاڵەدا دابەش كرا.