کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسان و پرسی کورد بە گشتی لە پارلمانی کانادا تاوتوێ کرا

00:25 - 17 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کانادا لە پارلمانی ئەو وڵاتە ڕاسان و پرسی کوردیان خستە بەرباس.

ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کانادا پێکهاتوو لە کەریم ئیزەد پەناە و کەژاڵ محەممەدی لەگەل پارلمانتار تام کمچ لە پارلمانی کانادا کۆبوونەوە و باسێکی تێرو تەسەلیان لەسەر دۆخی کورد بەگشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی لەگەڵ ناوبراو هێنایە گۆڕێ.

لەو کۆبوونەوەدا باس لە پێشێل کردنی سیستماتیکی مافی مرۆ‌ڤ لە کوردستان، سیاسەتی هەڵاواردن، بەندکردنی چالاکانی سیاسی و ئەشکەنجەدانیان، بێبەش‌کردنی منداڵانی کورد لەخوێندن بەزمانی کوردی، دوورخستنەوەی چالاکانی بواری ڕامیاریی کورد بۆ شوێنەکانی دیکەی ئێران، کوشتنی کۆلبەران لە سنوورەکان، تێرۆری ڕێبەرانی کورد دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی و دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە ویەن و بێرلین، تێرۆر کردنی زیاتر لە ٣٠٠ کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لە باشووری کوردستان، هێرشی زەمینی بۆسەر بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کەمپەکانی کۆیە کرا.

هەیئەتی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەو دیدارەدا باسیان لە ڕاسان و دەسکەوتەکانی ڕاسان و دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی ڕاسان لەنێوخۆ و دەروە و پێشوازیی خەڵکی کوردستان لە ڕاسان، باسی شەهیدانی ڕاسان و قارەمانەتیەکانیان بەتایبەتی شەهیدان کاوە جەوانمەرد ئەندامی ڕێبەری و فەرماندە سەرکەوت سەمەدی کرد.

باسێکی دیکە لەو کۆبوونەوەیدا، باسی پیلانی نووری مالکی بە هاندانی ڕێژیمی ئێران لە پارلمانی عێراق بوو، بۆ ئەوەی زەخت بخرێتە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ دەرکردنیان لە باشووری کوردستان.

لەو کوبوونەوەیدا هەیئەتی حیزبی دێموکرات لەڕێگەی نامەیەکەوە بۆ پارلمان، داوایان لە ناوبراو کرد که داوا لەسەرکردایەتی سیاسیی باشوور، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان، حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی باشوور بکات نەچنە ژێر باری ئەو پیلانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە دەیهەویت لە ڕێگای پارلمانی عێراقەوە بەسەر هەرێمی کوردستاندا بیسەپێنێت.

هەروەها لەو کۆبوونەوەدا لەسەر دەنگۆی کرانەوەی باڵوێزخانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەکانادا کە وەک بنکەیەکی سیخووڕی کەڵکی لێ وەرگرتووە قسەیان کرد. لەو کۆبوونەوەیدا باس لەوە کرا کە ئێمە وەک حیزبی کۆنسێرڤاتیو دژی ئەوەین باڵوێزخانەی ئێران بکرێتەوە. چوونکە باش دەزانین ئێران لە ڕێگای باڵوێزخانه و کۆنسلگەرییەکانی لەسەر ئێوە و نەیارانی خۆی زانیاری کۆدەکاتەوە و ئێوە وەک حیزبی دێموکرات زیاتر لە هەموان بوونەتە قوربانیی ئەو کردەوە تێرۆریستانەیە.

لە کۆتایی ئەو کۆبوونەوەدا کتێبی خولیا و مەرگی ڕەحمانی کورد لە نوسینی خاتوو کارۆڵ پڕۆنهۆبێر و سپاسنامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەوڵ و تێکۆشان و پاڵپشتی لە حیزب و خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات، پێشکەش بە تام کمچ کرا و ناوبراو وێڕای سپاس و پێزانینی بۆ گشت ئەو زانیاریانە، بەلێنی دا کە زیاتر لە ڕابردوو پشتیوانی لە دۆزی ڕەوای گەلی کورد و خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانەی حیزبی دێموکرات بکات و دەنگی حەقخوازانەی گەلی کورد بگەیەنێتە لایەنە پەیوەندیدارەکان.