کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ شەمخانی گورگێک لە پێستی مەڕدا

14:33 - 28 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: عەلی شەمخانی سەرۆکی شۆرای ئەمنییەتی ڕێژیم سەردانی پارێزگای سنەی کرد و کۆمەڵێک قسەی چەواشەکارانەی ڕوو لە خەڵک هێنایە ئاراوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، سەرۆکی شۆرای ئەمنییەتی ڕێژیم لە ڕێوڕەسمێکدا لەژێر ناوی قوربانیانی تێرۆر سەردانی پارێزگای سنەی کرد و وێڕای دانی کۆمەڵێک بەڵێنی و داواکاریی فریودەرانە لە بواری ئابووری بە خەڵک، دژی کوردستان قسەی ناڕەوا و درۆی بڵاو کردەوە.

ئەو ڕێوڕەسمە بۆ ئەو جاش و بەگرێگیراوەکانی ڕێژیم بووە، کە بەوتەی بەرپرسانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، تێرۆرکراون؛ بەوتەی پارێزگاری سنە، لەو پارێزگایەدا هەزار و ٨٧٠ کەس بەهۆی پشتگیری کردن لە ڕێژیم کوژراون و شەمخانیش گوتی: بە هەوڵی ئەو کەسانە حکوومەتی ئێران توانی کۆنترۆڵی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە دەست.

شەمخانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە فەرمی ڕوو لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گوتی: ئێمە هیچ کات نەمانهێشتووە حیزبی دێموکرات بە ئاکام بگات.

شەمخانی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا هیچ نائەمنییەک لە پارێزگای سنەدا نییە و هۆکارەکەشی بۆ بەکرێ گرتنی تاکە نەفس‌نزمەکان گەڕاندەوە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە، بەرپرسان دەبێ گرینگی بە بووژانەوەی ئابووری و گەشەپێدانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەن و بەتایبەتیش باسی لەوە کرد کە بوونی کۆڵبەر لە کوردستان دیاردەیەکی نەشیاوە بۆ بەرپرسانی ئێران.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی ٢٧ی سەرماوەزی وەک ڕۆژی یەکگرتوویی نێوان حەوزە و زانکۆ دیاری کردووە و ئەم رێوڕەسمەش هەر لەم چوارچێوەیەدا بەڕێوە چوو.

قسەکانی عەلی شەمخانی لە بارەی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە کاتێک دایە کە سەرجەم بەرپرسانی نیزامی و سیاسی ئەو ڕێژیمە باس لەوە دەکەن کە ئەو حیزبانە مەترسییەکن بۆ سەر ئەمنییەت و ئاسایشی ئێران و ئێمە دەبێ ئەوان کۆنتڕۆڵ بکەین.

هاوکات لە بارەی حیزبی دێموکرات باڵاترین بەرپرسانی نیزامیی ئەو ڕێژیمە وەک محەممەد پاکپوور و محەممەد عەلی جەعفەری بە فەرمی هەڕەشەیان لە حیزبی دێموکرات کردووە کە هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگاکانیا؛. لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمه دان بەوەدا دەنێن کە حیزبی دێموکرات لە نێوخۆ حوزووری چالاکی هەیە و وتوویانە دەبێ پێش بە چالاکیی پێشمەرگەکانیان لە نێوخۆدا بگرین.

ئەوەیکە حاشای لێ ناکرێت کەڵک وەرگرتن لە وشەی تێرۆر بۆ نەتەوەی کوردە کە تەنیا قسەیەکی درۆ و دوور لە ڕاستییە، چونکە نەتەوەی کورد بەدرێژایی مێژوو بۆخۆی قوربانیی تێرۆر بووە و ئیستاش هێزی پێشمەرگە دژی تێرۆریزم شەڕ دەکات و وڵاتانی زلهێزی جیهان، دان بەوەدا دەنێن کە پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی جیهان شەڕی تێرۆر دەکات.

ئەم پاسدارە خوێنڕێژەی ڕێژیم لە قسە پراوپڕ لە قینەکانیدا لەدژی حیزبی دێموکرات و تۆمەت وەپاڵدانی، لە هیچ قسەیەکی ناڕاست درێغی نەکردووە و لەحاڵێکدا کە دوو ڕێبەری گەورەی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات بە دەستی بەرپرسانی باڵای ئەو ڕێژیمە تێرۆر کراون و دەیان پێشمەرگەی دیکەش لە باشووری کوردستان لە لایەن سپای تێرۆریستی پاسداران و دەست‌وپیوەندییەکانییەوە تێرۆر کراون، تۆمەتی ناڕەوای تێرۆریست بوونی داوەتە پاڵی.

ئەم تۆمەت لێدانانەش لەحاڵێکدایە کە وڵاتانی جیهان، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە پشتیوانی سەرەکی تێرۆریزم لە ئاستی جیهانی دەناسن و سپای پاسدارانیش وەک هێمایەکی دیاری تێرۆریزمی جیهان کە پەرە بە تێرۆریزم دەدات لە قەڵەم دەدەن.

شەمخانی لە قسەکانیدا ڕوو لە کۆڵبەران، سەرەڕای ئەوەیکە بە شێوەیەکی دووڕوویانە باسی لە کێشەی کۆڵبەری لە کوردستان کرد کۆمەڵێک بەڵێنی ئابووری دا کە بەرپرسان دۆخی ژیانی کۆڵبەران چارەسەر بکەن.

ئەو لێداوانەی ناوبراویش بە پێچەوانەی ئیدعای بەرپرسانی ڕێژیم بوو، چونکە بەرپرسانی ڕێژیم باس لەوە دەکەن کە کۆڵبەری لە کوردستاندا نییە و تەنیا هەندێک کەس بە کارتی پیلەوەری لە سنوورەکان کار دەکەن؛ ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژانە لە کوردستان شایەتی ئەوەین کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ دەکوژرێن.