کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پشتگیری لە بڕیارنامەی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نیسبەت پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران دەکەن

15:37 - 23 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران _ ژنێڤ، لەگەڵ زیاتر لە ٣٠ ناوەندی دیکەی تایبەت بە مافی مرۆڤ ، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بە نیسبەت پشتیوانی لە بڕیارنامەی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتگیری لە پرسی مافی مرۆڤ لەئێراندا بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدا، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران لقی ژنێڤ، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی و چاوەدێریی مافی مرۆڤ لە گەڵ ٣٣ دامەزراوە و ناوەندی نێونەتەوەیی دیکە لە دووتوێی بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکەن کە پشتگیری لە بڕیارنامەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بکەن.

ئەو بڕیارنامەیە ڕێکەوتی ١٩ی نۆڤامبر لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خرایە بەر دەنگدانەوە.

لەو بڕیارنامەیەدا باس لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، چوونە سەرەوەی ڕێژەی ئێعدامەکان، دەستبەسەرکردنی چالاکانی مافی مرۆڤ و .... لەئێراندا، کراوە.

لەسەر پێشنیاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان _ ژنێڤ، لە بەشێکی ئەو بڕیارنامە و بەیاننامە هاوبەشەدا، ئاماژە بە سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردنی ڕێژیمی ئێران بە نیسبەت نەتەوەکانی ئێران وەکوو؛ کورد، عەرەب بەلووچ و تورک کراوە.

لە کۆتایی ئەو بەیاننامە هاوبەشەدا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوایان لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کردووە کە پرسی مافی مرۆڤ لەئێراندا نەکەنە قوربانیی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیان.